گرنگ

بڕیارەکەی دارایی لەبارەی پاشەکەوتی مووچە چی بوو؟


 

بوار نیوز وردەكاری بڕیاری خەرج كردنی جیاوازی مووچە بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان بڵاودەكاتەوە

بوار نیوز، تایبەت
بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خەرج كردنی جیاوازی مووچە بۆ ئەو ساڵانەی، كە بڕیاری پاشەكەوت كردنی مووچە جێبەجێ دەكرا، بەشێكی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان دەگرێتەوە.
سێشەممەی رابردوو، 9ی تشرینی دووەمی 2021، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی بە ژمارە (9659) لەبارەی خەرج كردنی جیاوازی مووچ بۆ بەشێك لە فەرمانبەران بڵاوكردەوە.
بڕیارەكە، تایبەتە بە جیاوازی مووچەی ئەو فەرمانبەرە و هێزە ئەمنیانەی كە لەكاتی جێبەجێ كردنی بڕیاری پاشەكەوت، بڕی جیاوازی مووچەیان بۆ خەرج نەكراوە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە بوار نیوزی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی دەریکردووە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەکاتی بڕیاری پاشەکەوت کردنی مووچە لە دوای ٢٠١٤وە تا نەمانی پاشەکەوت سەرە مووچە یان بڕوانامەیان بۆ بەستراوە لە هەندێ مانگدا، بەڵام بەشێوەیەك لە شێوەكان لەبیر کراوە بڕی پارەی زیادەیان بۆ خەرج بکرێت، بۆیە ئێستا بڕیاری خەرج كردنی دراوە".
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی دارایی بۆ جیاوازی مووچەكانیان، خەرجی دەكات؟ ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكرێت، گوتی: "بڕی پارەکە لە فەرمانبەرێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، فەرمانبەر هەیە بڕی تەنها دە هەزار دیناری بۆ خەرج دەکرێت و هەشیانە بڕی 100 هەزار دیناری بۆ خەرج دەكرێت، کە کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە کەمترە لە ٥٠٠ فەرمانبەر".
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، بڕیارەكە بەشێكی هێزە ئەمنییەكانیش دەگرێتەوە، بەڵام بڕی پارەكە بۆ ئەوان زیاترە "بەوپێەی ئەوان بڕی دەرماڵە و مووچەكانیان لە فەرمانبەرانی مەدەنی زیاترە، بەمەش كۆی ئەو جیاوازیەی وەریدەگرین لە 80 هەزار تاوەكو 150 هەزار دینار بۆ هەر مانگێك دەبێت".
هەر بەپێی زانیارییەكانی بوار نیوز، لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی 2021، جیاوازی مووچەكانیان بۆ خەرج دەكرێت.
لە 14ی شوباتی 2016، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جێبەجێكردنی پاشكەوتی مووچەیدا، كە رێژەكەی لەنێوان 15% تاوەكو 75% بۆ گشت فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان بوو، بەڵام لە 8ی ئازاری 2019 بڕیاری پاشكەوتكردنی مووچە هەڵوەشێندرایەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color