گرنگ

لە کۆی چوار هەزارو 258 کارگە، سێ‌ هەزار کارگەیان داخراون و 100 کارگەشیان چۆنەتە بەشەکانی دیکەی عێراق


 

 

"گومانمان هەیە بە بڕیاری ئێران و تورکیا هاوکاری کارگەکان نەکرێت تاوەکو دابخرێن"

بوار نیوز، تایبەت
بەهۆی "فشارەکانی" حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرینەی کارگەکان داخراون و بەشێکی دیکەشیان کارگەکانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق گواستۆتەوە، سەرۆکی رێکخراوی خاوەن کارگەکانی کوردستان دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هاوکارییەکی خاوەن کارگەکان ناکات، بەڵام ئێمە ترسی گەورەترمان هەیەو گومان دەکەین بەبڕیاری ئێران و تورکیاوە ئەو کارە بکرێت".
لە هەرێمی کوردستان چوار هەزارو 258 کارگەی بچووک، مام ناوەندو گەورە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە، تاوەکو دوو ساڵ پێش ئێستا بە سەرمایەی چوار ملیارو 730 ملیۆن دۆلار لەکارکردندا بوون، کە هەلی کاریان بۆ زیاتر لە 30 هەزار کرێکاری خۆماڵی دەستەبەر دەکرد، بەڵام بەهۆی زیادکردنی باج و رسومات و کرێی کارەباو پێنەدانی زەوی، زۆرینەیان داخراون و بەشێکی دیکەیان روویان لە بەشەکانی دیکەی عێراق کردووە.
بەختیار ئەحمەد، سەرۆکی رێکخراوی خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە بواری راگەیاند: "ئێمە زۆر هەوڵماندا بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ وەڵامێکی ئەرێنی ناداینەوە، ناچار کارگەکان تووشی کێشەی گەورە بوون، بۆیە لە ئێستادا زیاتر لە سێ‌ هەزار کارگە داخراون و زیاتر لە 100 کارگەی دیکەشیان گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق".
سەرۆکی رێکخراوی خاوەن کارگەکان، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر یەکەیەکی کارەبا بڕی 160 دینار لە خاوەن کارگە وەردەگرێت بەمەش مانگانەی هەندێک کارگە پێنج ملیۆن و هەندێکی دیکەیان 10 ملیۆن دیناریان لێ‌ وەردەگیرێت، بەڵام لەعێراق بۆ هەر یەکەیەکی کارەبا 20 تاوەکو 60 دینار وەردەگرێت، هەروەها لە عێراق زەوی کە رووبەڕەکەی بەپێی پێویستی خاوەن کارگە دیاریی دەکرێت، دەدرێتە خاوەن کارگە، کەچی لەکوردستان زەوی نییەو ئەگەر بە خاوەن کارگەش بدرێت، باجێکی یەکجار زۆری لێ وەردەگیرێت".
گوتیشی: "جگە لە دابینکردنی زەوی، قەرزێکی درێژخایەن بەبڕی 20 ملیۆن دۆلار بە خاوەن کارگە دەدرێت، بەپێچەوانەوەی هەرێمی کوردستان لە هەر ناوچەیەکی عێراق ئەگەر کارگەی خۆماڵی توانی بەرهەمێک زیاد بکات ئەوا رێژەی هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی کەمدەکرێتەوە، لەرێگەی یاسای ژمارەی 20ی پیشەسازی عێراقەوە، هەموو جۆرە هاوکارییەکی بەبێ‌ جیاوازی لەنێوان خەڵکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکرێت، ئەمەش وایکردووە خاوەن کارگەکان بچنە بەشەکانی دیکەی عێراق".
گوتیشی: "ئابووری قۆرخکراوە بۆ چەند خێزانێک، لە سلێمانی بۆ چەند خاوەن کارگەو چەند کەسێک کە بەرژوەندی خۆیان بەلاوە گرنگە، قۆرخکراوە، لەولاشەوە حکومەتی هەرێمی دڵی ئێران و تورکیای راگرتووەو زیانیان بەربکەوێت تەنانەت ئێمە گومانمان هەیە بە بڕیارو پلانی تورکیاو ئێران، هاوکاری خاوەن کارگەکان نەکرێت تاوەکو کارگەکان دابخرێن بەمەش بازاڕی کەلوپەلەکانیان وەکو خۆی بمێنێتەوەو کەم نەکات

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color