گرنگ

پارتی داوای پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان بۆ عێراق دەکات


 

 

پارتی دەیەوێت هەموو ئەو لایەنانەی كورسی پەرلەمانیان هەیە بەشداری حكومەتی نوێ‌ بكەن

بوارنیوز، بەغدا
پارتی دیمكرات داوای پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان بۆ عێراق دەكات ‌و بۆ ئەو مەبەستەش دەستپێشخەرییەكی خستووەتە بەردەم لایەنە عێراقییەكان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەغدا بۆ بوارنیوز ئاشكرایكرد، پارتی لەچوارچێوەی گفتوگۆ نافەرمییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەستپێشخەرییەكی كردووە، كە ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكەش بریتییە لەپێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بە بەشداری سەرجەم لایەنەكان.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، پارتی لەدەستپێشخەرییەكە پێشنیازی ئەوەی كردووە، هەر لایەنێك كورسی پەرلەمانی بردووەتەوە، بەشداری پێبكرێت لەحكومەتی نوێ‌‌و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن پشكی لەحكومەتیش پێبدرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە پارتی باسی لەوەش كردووە، بەپێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان دەتوانرێت، زۆرینەی زۆری لایەنەكان رازی بكرێت‌و ئەو قۆناغە تێپەڕێنرێت، كە ئێستا عێراقی تێكەوتووە.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچووەو بەهۆی ئەوەی چەند لایەنێك ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە، تائێستا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە رانەگەیەنراوە.

ئەو لایەنانەی ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە، بریتین لەو لایەنە شیعییانەی لەئێران نزیكن‌و ترسیان هەیە بەهۆی كەمی كوردسییەكانیان بەشدارییان پێنەكرێت لەحكومەتی نوێ‌، بەتایبەتی دوای ئەوەی موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن رایگەیاند، لەگەڵ چەند لایەنێك حكومەتی زۆرینە پێكدەهێنن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color