گرنگ

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران: بەبێ ڕەزامەندى ئێران و ئەمەریکاو تورکیا پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عیراق سەخت دەبێت "


 

شیعەکان بوونەتە پێنج بەرەى جیاواز، چوار بەرەیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئێرانن"

بوارنیوز، سلێمانى
نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئێران ئاماژە بەوەدەکات ئەو ئەنجامانەى لەدواى پرۆسەى دەنگدانى پەرلەمانى عێراق ڕاگەیەندران بە دڵى ئێران نەبوون، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت ئێران ڕۆڵى نەبێت لەپێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق، بۆیە بەشێوەیەکى گشتى هەتا وڵاتانى ئێران و ئەمەریکاو تورکیا ڕەزامەند نەبن پێکهێانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق کارێکى ئاسان نابێت، جەختیش دەکاتەوە پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتى یەکلایى بووەتەوە.

نازم دەباغ، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: لەدواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان، تاڕادەیەکى زۆر ئێران ناڕازى بوو لەو ئەنجامانە، چونکە بەدڵى ئێران نەبوون، بەڵام بەو مانایە نایەت ئێران ڕۆڵى لەپرۆسەى سیاسى عێراق نەمێنێت بەڵکو ئێران دەیەوێت زیاتر کاریگەرى لەعێراق هەبێت ئەوەبوو بینیمان لەماوەى ڕابردوودا ئێران شاندێکى ڕەوانەى بەغدا کردو داواى لە لایەنە عێراقییەکان کرد ئەنجامەکان قبوڵ بکەن و لەڕێگەى تەوافوق و سازان حکومەتێکى نوێ دروست بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو عورفە سیاسیەى لەعێراق پەیڕەو دەکرێت پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران بۆ لایەنى شیعەو سەرۆکى پەرلەمان بۆ لایەنى سوننەو سەرۆک کۆماریش بۆ لایەنى کورد یەکلایی بووەتەوە، بەڵام دواجار دەستنیشانکردنى کەسەکان بۆ ئەو پۆستانە هەروا ئاسان نییە، بەتایبەت لەئێستادا شیعەکان بوونەتە پێنج بەرەى جیاواز چوار بەرەیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئێرانن و بەرەیەکى دیکەیان کە موقتەدا سەدر ڕێبەرى دەکات لەگەڵ ئەو چوار لایەنەکەى دیکە نییە.

نوێنەرەکەى حکومەتى هەرێم لەتاران ئەوەشى خستەڕوو، پۆستى سەرۆک کۆمار کە بۆ کورد دیاریکراوە تا ئێستا بۆ یەکێتى نشتیمانى کوردستان یەکلایى بووەتەوەو یەکێتیش تا ئێستا (بەرهەم ساڵحى) بۆ وەرگرتنەوەى ئەو پۆستە دیاریکردووە، بەڵام پارتى داوای لە یەکێتى کردووە دەبێت لەدانانەى کەسێک بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار دەبێت ڕەزامەندى ئەوانیشى لەسەر بێت، بەشێوەیەکى گشتى دەبێت ڕۆڵ و پێگەى وڵاتانى دەوروبەریش لەبەرچاو بگیرێت بەتایبەت ئێران و ئەمەریکاو تورکیا، چونکە تا ئەو وڵاتانە ڕازى نەبن پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق کارێکى ئاسان نابێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color