گرنگ

ناوەڕۆكی بەڵێنێكی بارزانی بۆ لایەنە شیعەكانی عێراق

2021-11-21

 

 

بوارنیوز، تایبەت
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵینَێكی بەلایەنە شیعەكان داوە، كە بوارنیوز ناوەڕۆكەكەی ئاشكرادەكاات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتی دیموكرات دراوە بەبوارنیوز، مەسعود بارزانی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە بەڵێنی ئەوەی داوە، ئەوان نابن بە بەشێك لەكێشەو ململانێكانی نێوان لایەنە شیعەكان بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بارزانی بەڵێنی ئەوەشی داوە بە عەمار حەكیم، كە كار بۆ ئەوە دەكات جگە لەپارتی دیموكرات باوەڕیش بەلایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان بهێنێت، بۆ ئەوەی نەبنە بەشێك لەكێشەو ململانێكانی لایەنە شیعەییەكان، بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی، كە بڕیارە پێكەوە شاند بنێرنە بەغدا بۆ گفتوگۆ.
مەسعود بارزانی‌و عەمار حەكیم رۆژی چوارشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2021 لەسەڵاحەددین كۆبوونەوە، كە زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، سەرۆكی رەوتی حیكمە لەو كۆبوونەوەیە پەیامی لایەنە شیعەكانی گەیاندووە بە سەرۆكی پارتی.
بوارنیوز ئەوەشی زانیوە، حەكیم پەیامی زۆرینەی لایەنە شیعەكانی پێبووە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی لەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناڕازین‌و پەیامەكەش ئەوە بووە، كورد نەبێتە بەشێك لەیەكلاكردنەوەی كێشەی لایەنە شیعییەكان.
رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی كورسییەكانیان، بەشێك لەلایەنە شیعییەكان لەئەنجامی هەڵبژاردنەكە ناڕازین‌و بەو هۆیەشەوە كێشە لەنێوان لایەنە شیعەكان بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیران دروست بووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color