گرنگ

بۆچی وتەبێژی حکومەت و نوسینەگەی سەرۆکی حکومەت وەڵامی وەزیری بەرگری تورکیایان نەدایەوە؟


 

"یەکێتی پێى باش نەبوو وەڵامی وەزیری بەرگری تورکیا لەلایەن وەزیرێکی یەکێتییەوە بدرێتەوە"

بوار نیوز، تایبەت
راگەیاندراوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رەتکردنەوەی لێدوانەکەی وەزیری بەرگری تورکیا بە "رەزامەندی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان "پێی خۆش نەبووە" رونکردنەوەکە لەلایەن وەزیرێکی یەکێتییەوە بێت.
دوێنێ، یەکشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2021، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیاندراوێکدا، وەڵامی خلووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیای دایەوە، کاتێک لە 18ی ئەم مانگە رایگەیاندبوو: "لەسەر گۆی زەوی شتێک نییە بەناوی کوردستان".
لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی وەڵام و رونکردنەوەکانی رەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوسینگەی سەرۆکی حکومەت دەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیانویست بە وەڵامدانەوەی وەزیری بەرگری، حکومەتی تورکیا لەخۆیان توڕە بکەن، بۆیە لەرێگەی وەزیری پێشمەرگەوە لەپشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەڵامی وەزیری بەرگری دراوەتەوە".
هەر بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان "لەگەڵ ئەوەی پێخۆشە وەڵامی وەزیری بەرگری دراوەتەوە، بەڵام نەیدەویست وەڵامەکە لەسەر زاری وەزارەتی پێشمەرگەوە بێت، بەوپێەی وەڵامەکە تەعبیرە لەبۆچوونی وەزیری پێشمەرگە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە".
لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆکی دەستەی ئەرکان بۆ ئۆپراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە بواری راگەیاند "ئێمە تەنیا ئەوە دەڵێین کە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لەمەڕ لێدوانەکەی بەڕێز خلووسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا، لەو روانگەیەوە بوو کە وەزارەتی پێشمەرگە خۆی بە پارێزەری خاکێک دەزانێت، کە پێدەگوترێت خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق".
دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ حکومەتی تورکیاو ناردنەوەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەو وڵاتە و راگرتنی گەشتی ئاسمانی نێوان سلێمانی و تورکیا بۆ ماوەی دوو ساڵ، یەکێتی "هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دەدات، بۆیە خۆی لەو پرسانە دەپارێزێت کە دەبنە مایەی توڕەبوونی تورکیا".
جگە لە هەوڵەکانی یەکێتی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، هاوکات یەکێتی "هەوڵی سنوردارکردنی هەموو ئەو چالاکییانە دەدات کە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین لەلایەن حزبەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دژی تورکیا ئەنجام دەدرێن".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color