گرنگ

"داهاتی مەرزی پەروێزخان لە 24 ملیار دینارەوە بۆ 13 ملیار کەمیکردووە"


 

 

"مانگا 40 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆی سلێمانی تەسلیم بەحکومەت دەکرێت"

بوارنیوز، تایبەت
سەرۆکى لیژنەى وزەو پیشەسازى لەئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئاماژە بەوەدەکات لەکۆى زیاد لە تریلیۆنێک دینارى داهاتى نەوت تەنها 350 ملیار دینار دەدرێتە حکومەت هاوکات داهاتى خاڵە سنورییەکانى هەرێم ناڕونن و بەشێکى زۆریان دەچێتە گیرفانى کۆمپانیاکانى حزب، بۆیە کاتێک دەوترێت داهات زیادیکردووە ئەوە بۆ کۆمپانیا حزبییەکان ڕاستە کە داهانیان زیادیکردووە، بەڵام پێچەوانەکەى داهاتى حکومەت کەمیکردووە.

کەریم عەلى، سەرۆکى لیژنەى وەزەو پیشەسازى لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: سەرچاوەکانى داهات لە هەرێمى کودستان زۆرن، بەڵام حکومەتى هەرێم بە مەبەست نایەوێت ڕێکخستنەوە لەو داهاتانە بکرێت و زیادیان بکات، چونکە دەیانجار پێشنیارو ڕێگاچارەى زۆر گونجاو و ئاسانمان ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ پێداچوونەوە بە کۆى داهاتەکان و چۆنیەتى زیادکردنیان، بەڵام گوێمان لێناگیرێت ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندى کۆمپانیا حزبییەکان لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەو پێیەى ئێمە لایەنێکى پەیوەندیدارین بەسنورى پارێزگاى سلێمانى بەرپرسانى ئەم پارێزگایە دەڵێن مانگانە نزیکەى 35 تا 40 ملیار دینار وەک داهات دەدەنە حکومەتى هەرێم، لەکاتێکدا تەنها داهاتى مەرزى پەروێزخان لەمانگى یەکى ئەمساڵ 24 ملیار دیناربووە، بەڵام ئێستا داهاتى ئەو مەرزە بۆ نزیکەى 13 ملیار دینار کەمیکردووە ئەوەش بەهۆى ئەوەى کۆمەڵێک کۆمپانیا لەسەر داهاتى ئەو مەرزە پارە پەیدا دەکەن و ناهێڵن داهات بۆ حکومەت بگەڕیتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونەتە بەربەست بۆ ئەوەى جموجوڵى بازرگانى زیاد بکات وایانکردووە بازرگانان بڕۆن لە خاڵە سنورییەکانى عێراقەوە کاڵاکانیان هاوردە بکەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color