گرنگ

پێشمەرگە "بەنهێنی" دەگەڕێتەوە کەرکوک


 

بوارنیوز، تایبەت
بەرپرسە ناوخۆییەکانی پارێزگای کەرکوک، باس لەهەوڵێکی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگاکەیان دەکەن، ئەوەش بەشێوەی "قۆناغ بەقۆناغ‌و بەنهێنی دەبێت".
بەرپرسەکان باس لەوەش دەکەن، گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی ئەو هەماهەنگییانە دەبێت، کە لەنێوان حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ‌و حکومەتی هەرێم لەو بارەوە دروست بووە.
بەقسەی بەرپرسانی ناوخۆیی پارێزگای کەرکوک، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک بۆ پڕکردنەوەی چەند بۆشاییەکی ئەمنییە لەچەند ناوچەیەکی پارێزگاکە، ئەوەش بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە لەمەترسی چەکدارانی داعش.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئێستا بەدووری چەند کیلۆمەترێک لەناوەندی شاری کەرکوک دوورن، کە لەساڵی 2017وە لەناوەندی شارەکە کشاونەتەوە، دوای ئەوەی سوپای عێراق‌و هێزەکانی حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک.
ئێستا ناوچەکانی ئاڵتوون کۆپری "پردێ‌"‌و دەوروبەری شارۆچکەی دوبس لەپارێزگای کەرکوک ناوچەی هێڵی تەماسی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقن، کە لەو ناوچانە چەند بۆشاییەکی ئەمنی هەیەو چەکدارانی داعش بۆ جموجوڵەکانیان بەکاریان دەهێنن.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی لەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، ئێستا هەماهەنگی تەواو لەنێوان هێزە عێراقی‌و هێزەکانی پێشمەرگە دروست بووە، بۆ ئەوەی ناوە ناوە ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانە ئەنجامبدەن‌و هێزەکانی پێشمەرگەش دەستکراوە کراون بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر هەر ئامانجێک لەناوچەکە مەبەستیان بێت.
هەر بەپێی سەرچاوەکە، دەستکراوەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ جموجوڵ لەناوچەکانی کەرکوک، ئاماژەی روونن بۆ ئەوەی لەماوەیەکی داهاتوو بەشێوەی "قوناغ‌و بەنهێنی" بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر ئەنجامدەدەن، چونکە بارەگا لەو ناوچانە دروست دەکەن.
لەناو پارێزگای کەرکوک‌و دەوروبەری هێزەکانی سوپای عێراق‌و پۆلیسی فیدراڵی‌و چەکدارانی حەشدی شەعبی جێگیرن، بەڵام ئەو پارێزگایە لەماوەی ساڵانی رابردوو زۆرترین مەترسی هێرشەکانی چەکدارانی داعشی لەسەر بووە.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەوان دەیانەوێت مەترسییەکانی سەر پارێزگای کەرکوک کەمبکەنەوە، بۆیە ماوەیەکە هەماهەنگی‌و گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری‌و پێشمەرگەی هەرێم دروست بووەو بەردەوامیشی هەیە.
دواین کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی بەرگری‌و عێراق‌و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە 27ی ئۆکتۆبەری رابردوو ئەنجامدراوەو لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لەسەر دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق‌و هێزی پێشمەرگە دراوە.
ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری کورد لەو بارەوە دەڵێت: بڕیاری دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق، لەچوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگای کەرکوک.
ئومێد محەمەد دەشڵێت: ئەو دوو لیوایە بەشێوەیەکی فەرمی دروست دەکرێن‌و سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق دەبن‌و هەر لەو وەزارەتەش فەرمان وەردەگرن، بەتایبەتی بۆ پرسی ئەمنی‌و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش.
بەپێی دەستووری عێراق، ئیدارەی ئەمنی شاری کەرکوک بەهەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرێوەدەبرێت، بەڵام چەند ساڵێکە بەهۆی شەڕی داعش‌و کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا ئەو هەماهەنگییانە نەماوە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کردووە، بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک، پێویستە هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا دروستبکرێتەوەو هەولێرو بەغداش لەو بارەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن‌و ئەو هەوڵانەشی ئێستا هەیە ئاماژەی دڵخۆشکەرن لەو بارەوە.
هەوڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە لەکاتێکدایە، پێشتر پێکهاتەکانی عەرەب‌و تورکمان لەپارێزگای کەرکوک جەختیان لەوە کردبووەوە، کە ئەوان رازی نین بەگەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو داواشیان لەحکومەتی عێراق کردبوو، رێککەوتن لەو بارەوە نەکات.
لەو بارەوە جاسم محەمەد جەعفەر سەرکردە بەرەی تورکمانی دەڵێت: دۆخی ئەمنی کەرکوک ئاساییەو پێویست بەگەڕانەوەی پێشمەرگە ناکات.
جاسم محەمەد لەبارەی ناڕازی بوونی تورکمان لەگەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت: ئەوان دەترسن، رووداوەکانی پێشتر دووبارە ببێتەوە، بەتایبەتی پرسی دەسەڵاتی پێشمەرگە بەسەر چەند ناوچەیەکدا، کە ناوچەی کوردی نین لەپارێزگای کەرکوک.
پێشتر تورکمان‌و عەرەبەکان هێزەکانی پێشمەرگەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد، کە لەدژی ئەوان کار دەکەن‌و کار بۆ لاوازکردنی پێشگەری ئەوان لەپارێزگای کەرکوک دەکەن، بەتایبەتی لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2017، کە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەسەڵاتی تەواویان هەبوو.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color