گرنگ

چۆڵکردنی گردەکە بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا مەرجی نوێی سەركردە ناڕازییەكانی گۆڕانە بۆ گەڕانەوەیان


 

بوارنیوز، تایبەت
بەشێك لەسەركردە ناڕازییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، مەرجێكی نوێیان بۆ گەڕانەوەو كاركردن لەناو بزووتنەكە خستووەتەڕوو، ئەویش "چۆڵكردنی گردەكە"یە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی جیاواز دەست بوارنیوز كەوتووە، لەچەند رۆژی رابردووداو لەئەنجامی گفتوگۆی لیژنە پێنج كەسییەكەی گۆڕان لەگەڵ سەركردە ناڕازییەكان بۆ گەڕانەوە، بەشێك لەسەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان، داوای "چۆڵكردنی گردەكە"یان كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو سەركردە ناڕازییانە باسیان لەوە كردووە، گۆڕان تا لەناو گردەكە بێت (گردی زەرگەتە، كە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانی تێدایە)، ئەوە گۆڕان بارمتەی دەست كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردوو دەبێت.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئەو سەركردانە باسیان لەوەش كردووە، مادەم كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ئامادەنین، گردەكە بخەنەوە سەر ناوی گۆڕان ئەوە باشترە، بەرپرسانی گۆڕان گردەكە چۆڵ بكەن‌و لەشوێنی تر بارەگا دابنێن‌و دەست بەكاری نوێ‌ بۆ هەستانەوەی گۆڕان بكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەدواین كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی، كە رۆژی چوارشەمە ١٧ی١١ی٢٠٢١ بەڕێوەچوو، لیژنەیەكی پێنج كەسی پێكهێنراو راسپێران بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان بكەن‌و رازیان بكەن بەگەڕانەوەو بەشدارییان لەو دەستە كاتییە بۆ بەرێوەبردنی گۆڕان بڕیارە لەداهاتوو پێكبهێنرێت.
گردی زەرگەتە، نزیكەی 122 دۆنمەو دەكەوێتە گەڕەكی زەرگەتەیی شاری سلێمانی‌و دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە 19/5/2017 لەسەر كوڕەكانی (چیاو نیما) تاپۆ كرا، كە ئەوەش ناڕەزایی گەورەی لێكەوتەوەو بەو هۆیەوە بەشێك لەسەركردەكانی گۆڕان، وازیان لەكاركردن لەو بزووتنەوەیە هێنا.
پێشتریش ئەو سەركردە ناڕازییانەی گۆڕان، لەمیانی گفتوگۆكانیان بۆ گەڕانەوە، جەختیان لەوە كردبووەوە، كە دەبێت پرسی خاوەنداری گردەكەو كۆمپانیای وشەو سەرچاوە داراییەكانی گۆڕان یەكلابكرێتەوە، ئینجا دەگەڕێنەوە بۆ كاركردن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color