گرنگ

بافڵ تاڵەبانی دواین هۆشداری دەداتە هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی


 

 

بافڵ تاڵەبانی ترسی هەیە هێزە ئەمنییەکان لەیەكلاكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان بەكاربهێنرێن

بوارنیوز، تایبەت
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دواین هۆشداری داوەتە هێزە ئەمنییەكانی حیزبەكەی، بەوەی نابێت فەرمان لەهیچ كەسێك وەربگرن جگە لەخۆی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بە بوارنیوز، لەمیانی كۆبوونەوەی رۆژی 18ی تشرینی دووەم، كە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەیی ھێزەکانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی، فەرماندەیی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتن و ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ئەنجامیداوە، ئەو هۆشدارییەی داوەتە هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی.
هەر بەپێی زانیارییەكان، هۆشدارییەكەی بافڵ تاڵەبانی لەئەنجامی ترسی بووە لەوەی هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ‌و كێشەكانی حیزبەكەی بەكاربهێنرێن، بەو پێیەی فەرماندەیی ئەو هێزانە جیاوازن‌و هەر یەكێكیان لەئاراستەیەكی جیاوازی یەكێتییەوە نزیكن.
هۆشدارییەكەی هاوسەرۆكی یەكێتی لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو "13ی تشرینی دووەم بۆ 19ی تشرینی دووەمی 2021"، جموجوڵێكی نائاسایی هێزە جیاوازەكانی یەكێتی لەناو شاری سلێمانی‌و دەوروبەری بینران.
بوارنیوز پێشتر بڵاویكردەوە، كە جموجوڵی ئەو هێزە ئەمنیانە پەیوەندی بەكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەبووەو جموجوڵەكانیش بەهۆی ئەو مەترسی دروستبوونی "كودەتای سەربازی" لەناوخۆی یەكێتی بووە.
كێشەكانی یەكێتی پەیوەندی بەململانێكانی نێوان هەردوو هاوسەرۆكی حیزبەكە، بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هەیە، كە لە 8ی تەموزی رابردووەوە سەریهەڵداوەو تائێستاش بەردەوامی هەیە.
بافڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگی تۆمەتباردەكات بەوەی هەوڵی ژەهرخورادكردنیداوەو دەسەڵاتەكانی بۆ خۆی بەكارهێناوە، بەو هۆیەوە بڕیاری "دەركردن"ی لەریزەكانی یەكێتی داوە، لەبەرانبەردا لاهور شێخ جەنگی ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوەو باس لەوە دەكات، لەناوخۆی یەكێتی "كودەتا"ی لەدژ كراوەو بڕیاری "دەركردن"یشی بە "ناپەیڕەوی" وەسف دەكات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color