گرنگ

بوار وردەکاری بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی دەرماڵەی خوێندکاران بڵاودەکاتەوە


 

 

"داهاتی ساڵانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا 100 ملیار دینارەو دەرماڵەی خوێندکاران پێویستی بە 35 ملیار دینارە"

بوار نیوز، تایبەت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بگەڕێتەوە سەر شێوازە کۆنەکەی کۆکردنەوەی داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەندامێکی ئەنجومەنی وەزارتەکەش دەڵێت: "ناتوانین لە داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، دەرماڵەی قوتابیانی خەرج بکەین".

دوای خۆپیشاندان و گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و سۆران بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیان، کە ماوەی نزیکەی هەشت ساڵە راگیراوە، بڕیارە سبەی چوارشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوەو تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بکرێت بە تاوتوێ کردنی دەرماڵەی قوتابیان، جگە لەوە رۆژی پێنجشەممەی ئەو هەفتەیە پەرلەمانی کوردستان لەسەر هەمان پرسی میوانداری هەردوو وەزیری خوێندنی باڵاو وەزیری دارایی و ئابووری دەکات.
پێچەوانەوەی پرسەکانی دیکە، بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی خوێندکاران سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان پشگیتری خوێندکاران دەکەن و لە دوو یاداشتی جیادا، داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری گەڕانەوەی دەرماڵەکە بدات.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان بە بواری راگەیاند: "بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ خەرج کردنی دەرماڵەی خوێندکاران، ساڵانە پێویستیان بە 35 ملیار دینار هەیە، بۆ دابینکردنی ئەو پارەیەش وەزارەتی خوێندنی باڵا دەتوانێت لە داهاتی وەزارەتەکە و لەسەر رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری گەڕانەوەی دەرماڵەکە بدات و مانگانە لە داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا خەرج بکرێت".
لەبارەی داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا، عومەر گوڵپی گوتی: "داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا رون نییە چەندە؟ بۆیە ئێمە پێشتر پرسیارمان لەبارەی داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەزیری خوێندنی باڵا ناردووەو لە وەڵامدا وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت: بۆ زانینی داهاتی وەزارەتەکەی، پرسیار لە وەزارەتی دارایی بکەن، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە پرسیاری زانینی داهاتمان بۆ وەزیر ناردۆتەوەو ئەگەر وەڵام نەداتەوە ئەوا پرساندنی لە پەرلەمانەوە بۆ دەکەین".
گوتیشی: "بەپێی خەملاندنەکانمان داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە درێژایی ساڵ 100 ملیار دینار دەبێت، چونکە وەزارەتەکە بەچەندین شێواز پارەی دەستدەکەوێت، لەوانە (خوێندنی پارالێڵ، خوێندنی ئێواران، رسوماتی زانکۆ تایبتەکان، رسوماتی پەسەند کردنی بڕوانامەکان و بەکرێدانی موڵکەکانی).

حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجییەکانی زانکۆکان دەکات؟
پیشتر داهات و خەرجی زانکۆکانی کۆن و نوێییەکان، بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، 70%ی داهاتی زانکۆ کۆنەکان بۆ خەرجییەکانی زانکۆ خەرج دەکراو 30%ی بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێندرایەوە، لە زانکۆ نوێییەکانیش 80%ی داهات بۆ خۆیان و 20%ی بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێندرایەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی لە دوو ساڵی رابردوودا، حکومەتی هەرێمی بڕیاریدا سەرجەم خەرجییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ حکومەت بگەڕێندرێتەوە لەبەرامبەردا، بەپێی پێویستی وەزارەت و زانکۆکان، پارەیان بۆ خەرج بکرێت.
دوای ناڕەزایی وەزارەتەکە لە شێوازی خەرجی و داهاتەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی نوێی لەبارەى خەرجی و داهاتەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا داوە.
د.جەوهەر فەتاح، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین بە بواری راگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیارێکی نوێ، جارێکی تر گەڕاوەتەوە سەر شێوازە کۆنەکەکەو بڕیاریداوە 70%ی داهاتی زانکۆکان بۆ خۆیان و 30%ی بۆ حکومەت دەبێت، هەروەها لە زانکۆکان نوێیەکانیش 80%ی داهات بۆ خۆیان و 20%ی بۆ حکومەت دەبێت".
لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتاران پێیانوایە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەتوانێت لە داهاتی زانکۆکان دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکات، بەڵام د.جەوهەر فەتاح کە ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵایە، دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک ناتواندرێت دەرماڵەی قوتابیان لە داهاتدا خەرج بکرێت، چونکە ئەو داهاتانە زۆر کەمە".
دەرماڵەی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان، کە تاوەکو 11ی شوباتی 2014 خەرج دەکرا؛ بەمشێوەیە بوو (بۆ خوێندکارانی دەرەوەی پارێزگاکان مانگانە 100 هەزار دینار و بۆ ناوەوەی پارێزگانیش 40 هەزار دینار و ئەوانەشی کە لە بەشەناوخۆییەکان دەمانەوە مانگانە 60 هەزار دیناریان پێدەدرا).

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color