گرنگ

بوار نیوز، وردەکاری کێشەکانی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی دارایی بڵاودەکاتەوە


 

 

لێژنەی دارایی:
بۆ دەرماڵەی خوێندکاران مانگانە حەوت ملیارو 343 ملیۆن دینار پێویستە

بوار نیوز، تایبەت
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بڕیاری ئەمڕۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان "نیگەرانە" و پێیوایە بڕیارەکە "چارەسەری" کێشەی خوێندکاران ناکات، ئەندامێکی ئەنجومەنی وەزارەتەکەش دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەجیاتی چارەسەری کێشەی دەرماڵەی خوێندکاران، کێشەی دیکە بۆ خوێندنی باڵا دروست دەکات".

خوێندنی باڵا لە حکومەت "نیگەرانە"
لە کۆبوونەوەی دوێنێی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدرا به‌ "ته‌رخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی به‌شه‌ ناوخۆییه‌کان و دۆخی خوێندکارانی زانکۆ و په‌یمانگه‌کانی کەمدەرامەت".
لەبارەی بڕیارەکە، ئەندامێکی ئەنجومەنی وەزیرانی خوێندنی باڵا بە بواری راگەیاند: "بڕیارەکە زۆر گشتگیرەو هیچ چارەسەرێکی بۆ کێشەی خوێندکاران ناکات، چونکە بڕی پارەکە و میکانیزمی دابەشکردنی پارەکە دیار نییە، ئەوە جگە لەوەی کە دڵنیاین کە بڕی پارەکە لە چەند ملیارێک تێپەڕ ناکات".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەوەشی گوت: "بڕیارەکە کێشەی خوێندکاران و کێشەکانی دیکەی خوێندنی باڵا چارەسەر ناکات، هەروەها ترسمان هەیە بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ئەندام و لایەنگیرانی هەردوو (رێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان) سوودمەند بن، بەمەش دەروازەیەک بۆ نادادی و گەندەڵی بکرێتەوە".

لێژنەی دارایی: بۆ دەرماڵەی خوێندکاران مانگانە حەوت ملیارو 343 ملیۆن دینار پێویستە
بەپێی راپۆرتێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، لەهەرێمی کوردستان 150 هەزارو 560 خوێندکار هەن، کە 66 هەزارو 55 خوێندکاریان لە بەشەناوخۆییەکاندان و 84 هەزارو 505 خوێندکاری دیکەیان لەناو شار و دەرەوەی بەشە ناوخۆییەکانن.
بەپێی راپۆرتەکە بۆ دابینکردنی دەرماڵە، مانگانە دەبێت حەوت ملیارو 343 ملیۆن و 500 هەزار دینار خەرج بکرێت.
دەرماڵەی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکان، تاوەکو 11ی شوباتی 2014 خەرج دەکرا؛ بەمشێوەیە بوو (بۆ خوێندکارانی دەرەوەی پارێزگاکان مانگانە 100 هەزار دینارو بۆ ناوەوەی پارێزگانیش 40 هەزار دینارو ئەوانەشی کە لە بەشە ناوخۆییەکان دەمانەوە مانگانە 60 هەزار دیناریان پێدەدرا).

کێشەی نێوان خوێندنی باڵا و دارایی و ئەنجومەنی وەزیران لەسەر چییە؟
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، ماوەی نزیکەی سێ‌ مانگە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو دارایی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر شێوازی مامەڵە کردن لەگەڵ داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، "ناکۆکن".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە بواری گوت: "لە 1ی ئەیلولی 2021، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە شێوازی داهات و خەرجییەکانی زانکۆکان و وەزارەتی خوێندنی باڵا وەکو پێشتری لێ بکرێتەوە واتە 70%ی داهات بۆ زانکۆ کۆنەکان و 30%ی بۆ حکومەت، هەروەها 80%ی داهات بۆ زانکۆ کۆنەکان و 20%ی بۆ حکومەت بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە چونکە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەو شێوازەی رازی نییە".
لەبارەی هۆکاری رازی نەبوونی وەزارەتەکە، ئەندامەکەی ئەنجومەنی وەزارەت گوتی: "بەپێی بڕیارەکە، دوای گەڕانەوەی 20% تاوەکو 30% بۆ حکومەت، سەرجەم خەرجییەکان بۆ (نۆژەنکردنەوەی زانکۆکان، پێشینە، پارەی وانەبێژی، پارەی گرێبەست لە مامۆستا و بەردەستەکان، کڕینی کتێب، دانان و نۆژەنکردنەوەی تاقیگەکان) دەکەوێتەوەسەر زانکۆکان، بەمەش زانکۆکان و وەزارەتیش ناتوانێت بەو داهاتەی بۆیان دەگەڕێتەوە خەرجییەکان جێبەجێ بکرێت، بۆیە بڕیارەکە هەڵپەسێردراوە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color