گرنگ

كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی دەستگیردەكرێن


 

 

ئەگەر فشاری ئەمریكییەكان نەبێت هێرش دەكرێتە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی

بوارنیوز، تایبەت
چەند كەسێكی نزیكی لاهور شێخ جەنگی دەستگیركراون‌و بەقسەی سەرچاوەیەكیش، ئەگەر فشاری ئەمریكییەكان نەبێت هێرش دەكرێتە سەر ماڵەكەی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بە بوارنیوز، لەدوو رۆژی رابردوودا چەند كەسێكی نزیك لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی دەستگیركراون.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە ژمارەیەكی تر لەكەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی دەستگیربكرێن، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی ئەو كەسانە دەستیان هەیە لەپشێوییەكانی چەند رۆژی رابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی.
چەند رۆژێكە لەشاری سلێمانی‌و چەند شارو شارۆچكەیەكی تر خۆپیشاندان دەكرێت، كە زۆرینەی خۆپیشاندانەكان گرژی لێكەوتووەتەوەو تائێستاش ئەو گرژییانە بەردەوامە.
ئەو سەرچاوەی بوارنیوز ئەوەشی ئاشكراكرد، كە بەرنامە هەبووە هێرش بكرێتە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی لەگەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی، بەڵام بەهۆی فشاری ئەمریكییەكان لەسەر بەرپرسانی یەكێتی ئەوە نەكراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، چەند مانگێكە كێشە لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی هەیە، كە بەو هۆیەوە، بافڵ تاڵەبانی بە بڕیارێك لاهور شێخ جەنگی "دەركردووە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color