عێراقییەکان لە سنوورەکانی پۆڵەندا گیریان خواردووە
بوارنیوز
هەرچەندە کاروانێکی پەنابەرانی عێراقو هەرێمی کوردستان لەرۆژی 18ی تشرینی دووەم گەڕانەوە وڵاتەکەی خۆیان، بەڵام هێشتا ژمارەیەک لە پەنابەرانی هەرێمی کوردستانو عێراق لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا لەناو خاکی بیلاروسیا ماونو گەڕانەوە رەتدەکەنەوە.
دۆخی ئەو پەنابەرانە بەهۆی دەستنەکەوتنی نان و ئاو و سەرمایەکی زۆر سەختە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئامادەنین بگەڕێنەوەو زۆرینەیان دەڵێن "مردنو نەگەڕانەوە" هەڵدەبژێرن، نەک گەڕانەوە بۆ لای ئەو مەترسییانەی لێی هەڵاتوون.
ئەوانەی لەسنوورەکانی پۆڵەندان، زۆرینەیان گەنجنو شەو و رۆژ لە دارستانەکانی بیلاروسیا بەسەر دەبەن، کە زۆرکات پلەکانی گەرما لە ژێر سفرەوەیەو چاوەڕێی دەرفەتێکن، تا لەخاکی پۆڵەنداو لیتوانیاوە خۆیان بگەیەننە وڵاتێکی ئەوروپی، بەتایبەتی خاکی ئەڵمانیا.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەردوو وڵاتی پۆڵەنداو لیتوانیا سنوورەکانیان داخستووەو رەتیدەکەنەوە، رێگە بە پەنابەرانی کوردو عێراقی بدەن، خاکەکەیان بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپاو بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لەهێزە ئەمنییەکانیان لەسەر سنوور جێگیرکردووە.
عیماد گەنجێکی 29 ساڵەو لەدارستانەکانی بیلاروسیا باس لەوە دەکات، رۆژانە زۆر سەختیو ناخۆشی دەبینن، بەڵام ئەوان دان بەخۆیاندا دەگرن، تا رێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ گەیشت بە وڵاتێکی ئەوروپا.
عیماد وتیشی: زۆرینەمان ئامادەین بمرین، بەڵام ئامادەین جارێکی تر بگەڕێنەوە عێراق، بەتایبەتی ئەوانەمان بەهۆی کێشەی ئەمنیو نەبوونی دەرامەتی رۆژانەمان کۆچمان کردووەو بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانمان هەبوو.
زۆرینەی ئەوانەی کۆچیان کردووە، کۆچەکەیان بۆ هۆکاری ئەمنی لەناوچە جیاوازەکانی عێراقو هەرێمی کوردستان دەگێڕنەوە، عێراقییەکان ملیشیاکان بەهۆکاری تێکچوونی دۆخی ئەمنی دەزاننو هاووڵاتیانی هەرێمیش، حکومەتی هەرێم تۆمەتبار دەکەن.
عیماد باس لەوەش دەکات پێنج مانگە کۆچی کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی میلیشیاکانی سەر بە "عێائب ڕهل الحق"، کە نزیکین لەئێران هەڕەشەیان لێکردووەو هەوڵی کوشتنیان داوە کۆچی کردووەو دەیەوێت پەنا بۆ وڵاتێکی ئەوروپی ببات.
ئەو گەنجە عێراقییە هۆکاری هەڕەشەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە بەشداریکردووە لەخۆپیشاندانەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 لەبەغدای پایتەختی عێراق.
عیماد باسی لەوەش کردووە، ئەوە تەنیا دۆخی ئەو نییەو جەختی کردووەتەوە، دەیان کۆچبەری تری عێراقی لەگەڵدایەو مەترسیو هەڕەشەی کوشتیان لەسەرە، بۆیە هەرگیز ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو مەترسییانە.
ماوەیەکە پرسی پەنابەران بەهۆی زۆربوونی ژمارەیان بووە بە پرسێکی نێودەوڵەتیو وڵاتان فشاریان لەسەر هەولێرو بەغدا دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەکۆچی خەڵکی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپاش بۆ ئەو مەبەستە هاتووەتە سەر خەتو بەدوای رێگەچارە دەگەڕێت.
بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمو عێراق دەستیان بەهەوڵەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی لەرێگەی نوێنەرایەتییەکانیان لەو وڵاتانەی کۆچەرەکانیان لێیە گەشت رێکبخەن، ئەوەش بەمەبەستی گەڕاندنەوەی کۆچبەران.
بەڵام کێشەی دەسەڵاتی عێراقو هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە بەشێکی زۆر لەو پەنابەرانە ئامادەنین بگەڕێنەوەو زۆرینەشیان بۆ دووربوون لەدەسەڵاتی سەربازی پەنایان بۆ ناو دارستانەکان بردووە.
بەو هۆیەوە ماوەی چەند هەفتەیەکە کێشەی گەورە لەسنوورەکانی بیلاروسیاو پۆڵەندا دروست بووەو حکومەتی هەردوو وڵاتیش دەستیان کردووە بەڕێکاری نوێ بۆ رێگریو گەراندنەوەی ئەو پەنابەرانە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.