گرنگ

دڵەڕاوکێیەکى جیهانى بەهۆى دەرکەوتنى جۆرێکى نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە


 

د. زانا ئەحمەد
پزیشکى پسپۆڕى هەناو

دوێنێ (26ى یانزە) ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى WHO دەرکەوتنى جۆرێکى نوێى ڤایرۆسی کۆڕۆناى ڕاگەیاند، بە ناوى پیتێکى یۆنانى ناوى نا (ئۆمایکرۆن) و ئاماژەى بەوەش دا کە ڕەنگە ببێت بە "جۆرێکى جێ دڵەڕاوکێ".
ئەمەش دواى ئەوە هات کە دوو ڕۆژ پێشتر یەکەم حاڵەتى نەخۆشییەکە لە وڵاتى (بۆتسوانا) لە خوارووى ئەفریقا دەستنیشان کرابوو. هەر زوو دواى ئەوە لە بەلجیکا و هۆنگ کۆنگ و ئیسرائیلیش چەند حاڵەتێک تۆمار کران. بەو هۆیەشەوە چەند وڵاتێکى خۆرئاوایی بە شێوەى جیاواز کۆتوبەندیان خستە سەر گەشت لە شەش وڵاتى باشوورى ئەفریقاوە بۆ وڵاتەکانیان.
بەپێى بڵاوکراوەى ڕێکخراوە جیهانییەکە ئەم جارەیان (بازدان)ێکى زیاتر بەسەر ڤایرۆسەکەدا هاتووە، بەوەش گۆڕانى ئەم جارە زیاترە لەوانەى پێشوو، بۆیە دڵەڕاوکێ کەوتووەتەوە لەوەى دەبێت خێراییی بڵاو بوونەوەى چەند بێت و پێکوتەکان چەندە کاریگەر بن لە بەر گرتنى. تا ئێستا وەڵامى ئەمانە ڕوون نییە، چونکە هێشتا نوێیە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەگەرى دووبارە تووشبوونەوەى خەڵکى بە کۆڕۆنا زیاد بکات. زانایان پێیان وایە بە ئەگەرى زۆر ئەو پێکوتانەى بەردەستن کاریگەرییان دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە نوێیە، بەڵام بە ڕێژەى کەمتر، بۆیە ئەوانەى کە پێکوتەیان وەرگرتووە هەڵە دەکەن خەمساردی بکەن لە خۆپارێزى.
نیشانەکان جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەوانەى پێشوو و هەندێک نەخۆشیش هیچ نیشانەیەکیان نییە. ئەو پشکنینەش کە بەردەستە، ئەم جۆرەش دەدۆزێتەوە، بەڵام ناتوانێت جیاى بکاتەوە ئەم جۆرەیانە یان ئەوانى تر.
بۆیە پێویستە ڕێکارە خۆپارێزییەکان و وەرگرتنى پێکوتە زیاتر بەهەند وەربگیرێن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color