گرنگ

ئەنقەرە بەدوای ڕێکەوتنێکدایە لەگەڵ مۆسکۆ و گڵۆپێکی سەوزی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی هێرشی نوێ بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان


 

بوارنیوز
چارەنووسی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەسراوەتەوە بەگفتوگۆکانی نێوان تورکیاو روسیا لەسەر دۆخی سوریا، ئەگەر ئەو دوو لایەنە کۆک بن چارەنووسی کوردان مەترسی لەسەرەو ئەگەر ناکۆکیش بن، هەر کێشەیە بۆ کوردان.
ژمارەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان نزیکەی سەدا حەوتی دانیشتوانی سوریا پێکدەهێنن، ژمارەیان لەنێوان ملیۆنێک کەس بۆ ملیۆن و نیوێک کەسە، ئەمە جگە لەو کوردانەی لەو وڵاتە کۆچیان کردووە، کە رەنگە لەو 18 ملیۆن کەسەی خەڵکی سوریان، سێ‌ ملیۆنی کورد بێت.
کورد وەک یاریزانێکی بچووک لەپرسە سیاییەکانی سوریا دەردەکەوێت، بۆیە هەمیشە دەیانەوێت پەیوەندی خۆیان لەگەڵ روسیاو ئەمریکا بپارێزن، روسیا بەهۆی بوونی نفوزی گەورەی لەسوریاو ئەمریکاش وەک وڵاتێکی گەورەی جیهانی.
بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی تورکیا لەسوریا، هەمیشە کێشە بۆ کوردانی رۆژئاوا دروست بووە، بەو پێیەی روسیاو ئەمریکاش بەرژەوەندی باڵایان لەگەڵ ئەنقەرە هەیەو نایانەوێت بەهۆی کوردانەوە زیان بەو بەرژوەندییانەیان بگەیەنرێت.
بۆیە چاودێرانی سیاسی دەڵێن: باشترە کورد گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بکات‌و لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا رێکبکەون، تا پارێزگاری لەو دەسەڵاتەیان بکات، کە چەند ساڵێکە لەناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان دروستیان کردووە.
نیکۆلا میکۆڤیچ شیکەرەوەی سیاسی لەو بارەوە دەڵێت: کوردانی سوریا عەلقەیەکی بچووکن لەو زنجیرەی لەنێوان روسیاو تورکیا هەیە، بۆیە دەبێت ئەوان رێگەی تر بدۆزنەوە بۆ پارێزگاری لەو کیانەی چەند ساڵێکە بونیادیانناوە.
ئەو شیرکەرەوەیە دەشڵێت: بەرژوەندییەکانی روسیاو تورکیا چۆن بخوازێت، ئەوان وا مامەڵە لەگەڵ دۆخی سوریا دەکەن‌و هیچ لایەنێکیان ئامادەنین لەبەر کوردان بەرژوەندی‌و ستراتیژی خۆیان بگۆڕن، گرنگترین رێگەش بۆ کوردانی سوریا تەنیاو تەنیا دیمەشقە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئێستا تورکیا بەنیازە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدات، لەوانەش شارۆچکەی تەلرەفعەت‌و کۆبانی، بۆ ئەمەش بەنیازی رێککەوتنە لەگەڵ روسیا.
سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن، لەکۆبوونەوەی مانگی نۆی رابردووی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆکی روسیا لە سوچی، ئەنقەرە ئەو خواستەی بەفەرمی خستووەتە بەردەم مۆسکۆ.
هەروەها لەچەند هەفتەی رابردووش شاندی تورکی‌و روسی لەسوچی گفتوگۆی لەبارەی ئەو پرسە کراوەتەوەو لایەنی تورکیش جەختی لەوە کردووەتەوە، دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان "مەترسین" بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەنقەرە لەسوریا.
هاوکات لایەنی تورکی بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی روسی لەبارەی هێرش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بگەنە رێککەوتن، پێشنیازی ئەوەیان کردووە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لەتورکیا لەئیدلیب دووردەخەنەوە، ئەوە یەکێکە لەخواستەکانی روسیا لەسوریاو رەنگە بەو پێشنیازە رازی بن.
هەرچەندە گفتوگۆی روسی‌و تورکی بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ ئەوەش روسیا لەگفتوگۆی بەردەوامە لەگەڵ دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری لەرۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی هێزی فەرمی حکومەتی سوریا لەسەر سنوورەکانی تورکیا جێگیر بکرێن.
روسیا دەیەوێت بەم هەنگاوەی دڵنیایی بداتە تورکیا بۆ ئەوەی ترسی لەدەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان نەمێنێت، هاوکات دەسەڵاتی دیمەشقیش بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچە کوردییەکان، کە لە ساڵی 2011 هیچ دەسەڵاتێکیان لەو ناوچانە نەماوەو بەتەواوی لەدیمەشق دابڕاوە.
ئەوەی لەم نێوەندەدا گرنگەو بووەتە گرفتی بەردەم خواستەکانی روسیاو چاوچنۆکییەکانی تورکیاش، بوونی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژی داعش لەناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەردەوام جەخت لەپشتگیرییەکانیان بۆ دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری دەکەنەوە، بەتایبەتی لەشەڕی داعش.
بۆیە ئێستا تورکیا لەهەوڵدایە بەڵێی لایەنی ئەمریکیش وەرگبرێت، بۆ ئەوەی ئەو پلانەی هەیەتی لەناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان جێبەجێی بکات، هێز رەوانەی ئەو ناوچانە بکات، کە بەناوچەی نفوزی ئەمریکا سوریاو رۆژئاوای کوردستان ئەژمار دەکرێت.
ئێستا بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیاو ئەگەری رازی بوون روسیا و ئەمریکا مەترسی لەسەر رۆژئاوای کوردستان دروستبووەو چاودێران جەخت دەکەنەوە، مۆسکۆو واشنتۆن دەبێت سەرەڕای بەرژوەندییەکانی خۆیان، بەرژوەندی کوردانی رۆژئاواش لەبەرچاو بگرن، بەو پێیەی رۆڵی گەورەیان لەشەڕی داعش لەسوریا هەبووە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color