گرنگ

ئەگەری گرانبونی نرخی دۆلار هەیە لەبازارەکانی هەرێم


 

 

کۆمپانیاکانی دراو مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێ نەکەن ناتوانن دۆلار لەبانکی ناوەندی وەربگرن

بوار نیوز، تایبەت
بانکی ناوەندی عێراقی بەشێوەیەکی کاتی جارێکی دیکە وادەی پێدانی دۆلاری بەکۆمپانیاکانی هەرێم بەشێوەیەکی کاتی درێژکردەوە تا ئەو کاتەی مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، بانکی ناوەندی عێراق، مۆڵەتی کارکردنیان بەشێوەیەکی کاتی بە کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆری دراو لەهەرێمی کوردستانداوە سوودمەند ببن لە وەرگرتنی هەفتانەی گۆرینەوەی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ کۆمپانیاکانی کوردستان.
بەپێی زانیاریەکانی بوار نیوز، بانکی ناوەندی عێراقی پێدانی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی کوردستانی راگرتبوو، بەڵام بەرێککەوتنێکی نهێنی نێوان بەرپرسانی هەرێم و بانکی ناوەندی جارێکی دیکە بەشێوەیەکی کاتی ماوەی پێدانی دۆلارییان بەنرخی بانکی ناوەندی بەو کۆمپانیایانە درێژکردەوەو دواین دەرەفەتیانداوە بەکۆمپانیاکانی بواری ئاڵوگۆڕی دراو مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێ بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، مەرجەکانی بانکی ناوەندی بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان بریتییە لەوە دەبێت هەر پێنج کۆمپانیایەک خۆیان دەمج بکەن و وەک یەک کۆمپانیا خۆیان لەبانکی ناوەندی تۆمار بکەن تا مۆڵەتی پلە دووی پێدانی دۆلارییان بەنرخی بانکی ناوەندی پێبدرێت. یەکێکی دیکە لەمەرجەکانی بانکی ناوەندی بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم ئەوەیە دەبێت هەندێک لەکۆمپانیاکان مۆڵەتی پلە یەکیان هەبێت بەپێی مەرجەکانی ئەو مۆڵەتەش بێت دەبێت دە کۆمپانیای هەرێم خۆیان دەمج بکەن ئینجا دەتوانن مۆڵەتی پلە یەک لەبانکی ناوەندی وەربگرن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، کاتێکی کەم بۆ ئەو کۆمپانیایانە دیاریکراوە کە بتوانن خۆیان رێکبخەن ئەگەرنا ناتوانن دۆلار لەبانکی ناوەندی وەربگرن، بەڵکو دەبێت دۆلار لەکۆمپانیاکانی بەغدا وەربگرن دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی بەغدا دۆلارییان لەبەشی خۆیان زیاد بوو کە لەبانکی ناوەندی وەریدەگرن ئینجا دەتوانن بۆ هەرێمی ڕەوانە بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی دۆلار لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color