گرنگ

یەکێتى، پارێزگاری سلێمانی لەگۆڕان وەردەگرێتەوەو پارێزگاری هەڵەبجەشیان پێ نادات


 

بوارنیوز، تایبەت
ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوەدەکات تا ئێستا بەفەرمى هیچ نامەیەکى دەستلەکارکێشانەوەى پارێزگارى سلێمانیمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام نیەتێک هەیە بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکارى گشتى لە پۆستەکانى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە، یەکێتى چاوى لەوەیە کە پۆستى پارێزگارى سلێمانى و هەڵەبجە لەدەستى خۆیدا بمێنێتەوە لەبەرامبەردا لە کابینەى نوێى حکومەتى عێراق بە پێدانى چەند پۆستێک قەرەبووى بزوتنەوەى گۆڕان بکاتەوە.

ئەنوەر تاهیر، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەفڕاکسیۆنى بزوتنەوەى گۆران بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: ئەوەى تا ئێستا هەیە لەبارەى دەست لەکارکێشانەوەى (هەڤاڵ ئەبوبەکر) پارێزگارى سلێمانى تەنها لە سۆشیال میدیاوە باس دەکرێت، چونکە ئێمە لەئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى هیچ نامەیەکى فەرمى پارێزگارمان بەدەست نەگەیشتووە لەبارەى داواکارى بۆ دەستلەکار کێشانەوە، چونکە بەپێی یاسا دەبێت متمانەپێدان و دەستلەکار کێشانەوە تەنها لەڕێگەى ئەنجومەنى پارێزگاوە ئەنجام بدرێت.

ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەفراکسیۆنى گۆڕان ئەوەشى خستەڕوو، ئەنجامدانى ئەو گۆرانکارییانە پێویستى بە کاتى زیاتر هەیەو دەبێت بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بێت کە لەنێوان بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نشتیمانى کوردستان واژۆى لەسەر کراوە، هەرکات پۆستى پارێزگارى سلێمانى لە بزوتنەوەى گۆڕان وەرگیرایەوە، لەبەرامبەریشدا پۆستى پارێزگارى هەڵەبجە لە یەکێتى وەردەگیرێتەوە.

بەپێى زانیارییەکانى بوارنیوز کە لەسەرچاوەیەکى بەرپرسى ناو یەکێتى دەستیکەوتوون، یەکێتى مەبەستییەتى پۆستى پارێزگارى سلێمانى لە بزوتنەوەى گۆڕان وەربگرێتەوەو هەموو بەرپرسیارییەتییەکى ئەمنى شارەکە لەدەستى خۆیدا بمێنێتەوە، بەڕوونى ئەمەشیان بەبەرپرسانى گۆڕان ڕاگەیاندووە کە بۆ ئەوەى کەمتر ڕەخنەتان لێبگیرێت واباشتر (هەڤاڵ ئەبوبەکر) واز لە پۆستى پارێزگارى سلێمانى بهێنێت و هەر ڕەخنەیەک هەیە با لەیەکێتى نشتیمانى کوردستان بگیرێت.

بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، یەکێتى نایەوێت دەستبەردارى پۆستى پارێزگارى هەڵەبجە ببێت بۆ بزوتنەوەى گۆڕان لەبەرامبەر وەگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى سلێمانى، بەو پێیەى کە ماوەیەکى کەمە پۆستى جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە بە بزوتنەوەى گۆڕان دراوەو (شاهێن حەمە ڕەزا) دەستبەکار بووە، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ بە بەرپرسانى گۆڕان ڕاگەیەندراوەو لەبەرامبەریشدا بەرپرسانى گۆڕان تاڕادەیەکى زۆر نەرمیان نواندووەو پێیان باشە کە پۆستى پارێزگارى سلێمانیان لانەمێنێتەوە بەوپێیەى کە (هەڤاڵ ئەبوبەکر) وەک پێویست دەستەڵاتى نەدراوەتێ و بڕیارەکانى وەک خۆی جێبەجێناکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، یەکێتی دەیەوێت لەبەرامبەر وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى سلێمانى و هێشتنەوەى پۆستى پارێزگارى هەڵەبجە لەدەستى یەکێتى، لە پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق یەکێتى چەند پۆستێک لەپشکى خۆى لەبریکارى وەزیر یاخود پێدانى یەکێک لەو باڵوێزو کونسوڵانەى کە بەر یەکێتى دەکەون بداتە بزوتنەوەى گۆڕان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color