گرنگ

ئایدز لەكوردستان هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون بەنەخۆشی ئایدز دەدرێت


 

 

بوارنیوز:
حاڵەكاتی تووشبوون بەڤایرۆسی "HIV" ئایدز، لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2021 دۆخێكی نەخوازراوی هێناوەتە پێشەوەو هۆشداریش لەبارەی زیادبوونی رێژەی ئەو نەخۆشییەوە دەدرێت.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، لەساڵی 2021 دەیان حاڵەتی پشكینین بۆ بوونی نەخۆشی ئایدز كراوەو بەو هۆیەشەوە چەند حاڵەتێك تۆماركراوە، كە حاڵەتەكان دەریدەخەن رێژەی تووشبوون بەو نۆخۆشییە بەرزبووەتەوە.
سامان بەرزنجی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی راشیگەیاند، لەمساڵدا 300 پشكینین بۆ بوونی ڤایرۆسی ئایدز كراوە، كە لەو رێژەیە 69 حاڵەت تۆماركراوەو لەو ژمارەیەش 58 كەسیان كەسانی بیانی بوون‌و 11 كەسیش لەوانە هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بوون.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش كرد، پێشترو لەساڵی 2020 تەنیا 48 حاڵەتی نەخۆشی ئایدز تۆماركراوە، بەوەشدا دەردەكەوێت رێژەكەی لەمساڵدا لەچاو ساڵی پار بەرزبووەتەوە، كە ئەو كەسانەی تووشبوون‌و هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن بە وردی چاودێری دەكرێن‌و لەوەزارەتی تەندروستی دۆسییەیان بۆ كراوەتەوە.
سامان بەرزنجی باسی لەوەش كرد، كە مەترسی ئەم نەخۆشییەوە ئەوەیە، هەڵگرانی ڤایرۆسەكە ئاشكرا نین‌و تۆماركردنی حاڵەتەكان بە پشكینین نەبێت یەكلانابێتەوە، كە ئەوە مەترسی ئەو نەخۆشییە دەردەخات، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی لەچەند رێگەیەكەوە لەكەسێك بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە.
وەزیری تەندروستی جەختی لەوەش كردەوە، كە پێویستە رێژەی پشكنین بۆ خەڵكی بەگشتی‌و ئەو كەسانەی لەچێشتخانەو میوانخانەكان كار دەكەن زیاتر بكرێت، بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو نەخۆشییە.
ئایدز یا ڤایرۆسی نەهێشتنی سیستەمی بەرگری لەش، بۆ یەكەمجار ساڵی 1981 لەئەمریكا دۆزرایەوە، بەگوێرەی دوا ئامارە جیهانییەكان زیاتر لە 33 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری دنیا بەدەست ئەم نەخۆشییە ترسناكەوە دەناڵێنن و تا ئێستا دوو ملیۆن و 100 هەزار كەس بەهۆی ئایدزەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەم نەخۆشییە لە ڕێگەی ڤایرۆسی "HIV" دەگوازرێتەوە، بەهۆی گواستنەوەی خوێن لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر، یان كرداری سێكس، یا گواستنەوەی لەدایكەوە بۆ كۆرپەلە مرۆڤێكی تریش تووشی ئەم نەخۆشییە دەرەمە دەبێت.
هاوكات ئەحمەد شیروان ئەندامی سەندیكای پزیشكانی كوردستان هۆشداریدا لەو ژمارانەی لەمساڵدا لەهەرێمی كوردستان تۆماركراوەو جەختیكردەوە، پێویستە وەزارەتی تەندروستی رێكاری توند لەبارەی ئەو نەخۆشییەوە بگرێتە بەر.
ئەحمەد شیروان وتیشی: دەبێت ئەوانەی دێنە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كەسانی بیانی بەوردی پشكینینیان بۆ بكرێت‌و لەكاتی بوونی هەر حاڵەتێك رێكاری پێویستی بۆ بگیرێتە بەر، بەپێچەوانەوە ساڵ بەساڵ ئەگەری زیاتربوونی ئەو نەخۆشییە لەهەرێمی كوردستان هەیە.
بەپێی دواین ئاماری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی ئایدز لەعێراق لەنێوان ساڵانی 1986 بۆ 2008، تەنیا 480 حاڵەت بووە، كە لەو رێژەیە 274 كەسیان عێراقی بوون‌و بەشێكی زۆر لەوانە ئێستا لەژیاندا نەماون.
لەدوای ئەو ئامارانەش، هیچ ئامارێكی تری فەرمی لەعێراق بڵاونەكراوەتەوەو رێكاری پێویستیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە نییە، بەتایبەتی لەفڕۆكەخانەو دەروازە سنوورییەكان، كە ئێستا داوای دانانی پشكینی زۆرەملێ‌ دەكرێت، بۆ ئەوەی رێگری لەتەشەنەكردنی ئەو نەخۆشییە بكرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color