گرنگ

راکێشانی هەولێر بۆ ناو ململانێکان


 
ململانێکانی تورکیاو ئێران لەعێراق هەرێم دەخاتە بەردەم مەترسی
 
بوارنیوز
هەرچەندە هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتوو بووە لەمسۆگەرکردنی سەقامگیری ئەمنی، بەڵام پێدەچێت ئەمڕۆ لەنێوان ڕکابەری تورکیاو ئێران رابکێشرێتە ناو شەڕو ململانێکانی ناوچەکەو سەقامگیرییەکەی تێکبچێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاوکێشەی هێزی لەناوخۆی عێراق گۆڕیوە، ئەوەش رێکەخۆشکەر بووە بۆ دەستوەردانی زیاتری وڵاتانی دراوسێ‌ بەتایبەتی تورکیاو ئێران بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق.
بەو پێیەی هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەعێراق‌و سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیاو ئێرانیش هەیە، هەولێریش بەشێک دەبێت لەدەستوەردانی ئەنقەرەو تاران‌و رەنگە رابکێشرێت بۆ ناو ئەو شەڕە بەوەکالەتەی چەند ساڵێکە لەناوچەکە درێژەی هەیە.
لەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لەساڵی 2003 هەوڵەکانی تورکیاو ئێران رۆژ بەرۆژ زیاتر بووە بۆ زیادکردنی دەسەڵاتییان لەهەرێمی کوردستان، چەند ساڵێکە خاوەنی حکومەت‌و پەرلەمان‌و ئیدارەی سەربەخۆی خۆیەتی لەناو عێراق.
هەوڵەکانی تورکیاو ئێران زیاتر لەرێگەی دوو حیزبی دەسەڵاتدارو لەهەرێمی کوردستان، کە ئەنقەرە پەیوەندی باش‌و پتەوی لەگەڵ پارتی دیموکرات هەیەو تارانیش پەیوەندی باش‌و پتەوی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی هەیە.
بەم دوایانەش هێرشی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەئێران لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکرد، کە ئەو گروپە چەکدارییانە دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوون، کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەرێوەچوو.
هاوکات ماوەیەکیشە هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان زیادی کردووە، بەشێوەیەک لەماوەی تەنیا 10 رۆژدا ئەو چەکدارانە چەندینجار هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەو زیانی زۆریان لێداون، کە بەهۆیەوە چەندین کەس شەهیدو برینداربوون.
چاودێران وای دەبینن، ئەمە بەشێکە لەهەوڵەکانی ئێران بۆ گێڕانەوەو هێشتنەوەی دەسەڵات‌و نفوزی خۆی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە.
هەروەها چاودێران باس لەوە دەکەن، ئێران جگە لەگروپە چەکدارییەکانی شیعە دەیەوێت سوود لەتواناو هەژموونی گروپە کوردییەکانیش بۆ هێشتنەوەی نفوزی لەناوچەکە ببینێت، لەوانە ئەو گروپانەی لەپارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە نزیکن‌و دژایەتی تورکیا دەکەن لەناوچەکە.
بەدرێژایی مێژوو تورکیاو ئێران سوودیان لەتوانای گروپە چەکدارییە کوردییەکان وەرگرتووە، بۆیە ئێستا ئێران هەمان سیناریۆ دژی تورکیا دووبارە دەکاتەوە.
لەبەرانبەردا تورکیا ئێستا دەیەوێت لەرێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و بەهاوکاری پارتی دیموکرات رووبەڕووی ئەو گروپە چەکدارییانە ببێتەوە، کە سەر بە پەکەکەن‌و ساڵانێکە دژایەتی ئەنقەرە دەکەن لەناوچەکە.
فۆکسی تورکیاو ئێران ئێستا لەسەر ناوچەی شەنگالە، کە بەشێکی بەدەست هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقەوەیە، بەشێکی تریشی بەدەست گروپە چەکدارییەکانی حەشدی شەعبییەوەیە، ئەمە جگە لەبوونی چەند هێزێکی تری نزیک لەپەکەکە لەو ناوچانە.
تورکیا دەیەوێت تەواوی ئەو هێزانەی لەئێرانەوە نزیکن لەو ناوچانە دەربکات، بۆ ئەوەش هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو رێککەوتنە دەدات، لەساڵی 2020 لەنێوان حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان لەبارەی شنگال واژووکرا.
هاوکات ئێران بەچڕی هاتووەتە سەر خەت بۆ ئەوەی کار بۆ جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە بکرێت، بەو پێیەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە ئەوەیە تەواوی هێزە چەکدارەکان لەو ناوچانە دووربخرێنەوە، جگە لەسوپای عێراق‌و پۆلیسی فیدراڵی.
تورکیاو ئێران ئێستا جگە لەدەستوەردانە ئەمنییەکانیان لەرێگەی گروپە چەکدارییەکان، لەڕووی سیاسیشەوە دەیانەوێت بەشێکی گاریگەربن لەو گفتوگۆیانەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ‌ هاتوونەتە ئاراوە.
تورکیا بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت سوود لەتواناو نفوزی لایەنە سونییەکان بە پلەی یەکەم ببینێت‌و پێگەیان لەناو حکومەتی نوێی عێراق بەهێز بکات، ئەمە جگە لەپاڵپشتیکردنی پارتی دیموکرات، وەک براوەی یەکەمی هێزە کوردییەکان لەپەرلەمانی عێراق.
لەبەرانبەردا ئێران بەپشتوانی هێزە شیعییەکانی نزیک لەخۆی بەردەوامە لەهەوڵەکان بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و دەیەوێت لەو رێگەیەوە مانەوەی نفوزی خۆی لەبەغداش مسۆگەر بکات، کە ساڵانێکە لەناو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان بەردەوامی هەیە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color