گرنگ

لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، حکومەت تەنیا لەهێنان و تۆمارکردنی ئوتۆمبێل، زیاتر لەملیارو نیوێک دۆلاری دەستکەوتووە


 

 

بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ هەر 7 هاوڵاتییەک ئۆتۆمبێلێک دیاریکراوە، بەڵام لەهەرێم هەر سێ هاوڵاتییەک ئۆتۆمبێلێکی بەردەکەوێت.

لەماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا 530 کەس بەروداوی هاوچۆ گیانیان لەدەستداوە.

لەماوەی سێ ساڵدا، 358 هەزار ئۆتۆمبێل هێنراونەتە هەرێم و لەو ماوەیەشدا 1537 کەس بەڕوداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.

بوار نیوز، تایبەت
ژمارەی ئوتۆمبێلی تۆمار کراو لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە 1ملیۆن و 947 هەزارو 270 ئوتۆمبیل و تەنها لە 10 مانگی ئەم ساڵیش 530 کەس، بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستداوە.

ئەسعەد مەلا کریم، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان بە بوار نیوزی ڕاگەیاند، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، 357 هەزارو 929 ئۆتۆمبێلی نوێ لەهەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، لەم ماوەیەش رووداوەکانی ھاتووچۆ زۆر زیادی کردووە، لە ماوەی ئەم سێ ساڵە 1537 کەس گیانی لەدەستداوە، 17 هەزارو 563 کەسی بریندار بوونە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەی ئوتۆمبێل زۆر بووەو گەیشتۆتە نزیک ٢ملیۆن ئوتۆمبێل.

گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان، گووتیشی ژمارەی ئوتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دوو جار ئاستی ستاندەری جیهانی تێپەرکردووە، لە جیهان هەر 7 هاوڵاتی یەک ئوتۆمبێلی تایبەتی بۆ دیارکراوە، بەڵام لە کوردستان هەر سێ هاوڵاتی یەک ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەردەکەوێت، هۆکاری سەرەکیش زۆری رووداوەکانی ھاتووچۆش لە هەرێمی کوردستان نەبوونی هێڵی گشتی و ئاسنینە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی بوار نیوز، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، 357 هەزارو 929 ئوتۆمبێلی نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، تێچووی تۆمارکردنی هەر ئۆتۆمبێلێک، ئەگەر ناوەندی ژمێریاری تێچووەکە وەربگیرێت، هەزارو 542 دۆلار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکە، کۆی گشتی داهاتی تۆمارکردنی 537 ملیۆن و 43 هەزار 830 دولار بووە، بەم شێوەیەی خوارەوە نرخی تۆمارکردنی ئوتۆمبێل دیاری کراوە، ئوتۆمبێلی سالۆنەکان بەم شێوەیە، سێ بستون، 844 هەزار تۆمارکردن و 222 هەزار پێدانی ژمارەو سەنەوی ئۆتۆمبێلەکە ئەمە نزمترین نرخە، بەرزترین نرخیش بۆ ئوتۆمبێلی ستەیشنی هەشت بستۆن دیاری کراوە، سێ ملیۆن و 687 هەزار تێچووی تۆمارکردن و زیاد لە 222 هەزار دیناریش نرخی تابلۆو سەنەویەکەیە، بەعمولەوە، ئەمە جگە لەنرخی تێچووی ئۆتۆمبێلی درع و پاس و کرێ و بارهەڵگرەکان.
کۆی گشتی داهاتی هاتوچووی هەرێم لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بەس لەتۆمارکردن و پێدانی ژمارەی ئوتۆمبێل، زیاتر بووە لە 537 ملیۆن دولار، لە کۆی 357 هەزار 929 ئوتۆمبێلی نوێ.

داهاتی گومرکی ئوتۆمبیلی هاوردەکراو لەماوەی ئەم سێ ساڵە ملیارێک و 37 ملیۆن و 994 هەزار دۆلار بووە، کە نرخی ناوەندی ژمێریاری 2 هەزار 900 دولار دیاری کراوە، بۆ گومرکی هەر ئۆتۆمبێلێک.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، ژمارەی تۆمارکردنی ئوتۆمبێلی نوێ لەساڵی 2019 تا 1ی11ی 2021، 357 هەزارو 929 ئوتۆمبێل بووە.
کۆی گشتی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانیش بەڕووداوەکانی هاتووچۆ لەو ماوەیە، هەزارو 537 کەس بووە، ژمارەی بریندارەکانیش 17 هەزارو 563 کەس بوو، کۆی گشتی قوربانیانی ڕووداوی هاتووچۆی سێ ساڵی ڕابردوو 19 هەزارو 126 کەس بووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color