گرنگ

جەمال کۆچەر: ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بەردەم دەبێت تاحکومەتی نوێی عێڕاق پێکدەهێنرێت


 

جەمال کۆچەر:
ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بەردەم دەبێت تاحکومەتی نوێی عێڕاق پێکدەهێنرێت

بوانیوز، تایبەت
بەپێیی ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر ناردنی 200 ملیار دینار بەشێوەی سولفە بۆ هەرێم تاكۆتایی ئەمساڵ بەردەوامی دەبێت، بەڵام بە وتەی پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەیوەست بەو بابەتە تا پەسەند كردنی بوودجەی ساڵی 2022 ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت بەردەوامی هەبێت، ئەگەریش بودجە پەسەند نەكرا ئەوا كار بە یاسای یەك لەسەر 12 دەكرێت، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێمیش جەخت دەكاتەوە لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە دڵنیاكراوینەتەوە كە تا دەستبەكار بوونی كابینەی نوێ‌ ناردنی 200 ملیاردینارەكە بەردەوامی دەبێت.

د. جەمال كۆچەر، كاندیدی دەرچووی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی عێراق بە بوانیوزی ڕاگەیاند: ئەوەی تا ئێستا یەكلایی بووەتەوە لە بارەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق كاركردنە بەو ڕێككەوتنە كە لە نێوان هەرێم و عێراق واژی لەسەر كراوە بریتییە لە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەی سولفە، بۆیە لە ئیستادا هیچ گرفتێك لە ئارادا نییە بۆ نە ناردنی ئەو بڕە پارەیە و تا ئەو كاتەی بودجەی ساڵی 2022 پەسەند دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر لە حاڵەتێكیشدا بەهۆی كۆنەبوونەوەی پەرلەمان و پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق نەتواندرا عێراق بودجەی بۆ ساڵی 2022 هەبێت ئەوا كار بەیاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو دەكرێت بودجەی ساڵەكە دابەشدەكرێت بۆ سەرجەم كەرتەكان ئەو داهاتەی هەیە بە یەك لەسەر 12 دابەشدەكرێت واتە كۆی داهات دابەشدەكرێت بەسەر 12 مانگەكەدا و لەو حاڵەتەشدا هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكی نابێت و ناردنی 200 ملیارەكەش بەردەوام دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو ئەوەشی خستەڕوو، تەنها لە حاڵەتێكدا دەتواندرێت ناردنی 200 ملیار دینارەكە ڕابگیرێت ئەوەش ئەوكاتەیە كە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق پێكبهێندرێت و سەرۆك وەزیران بگۆڕدرێت، ئەوكاتەش جارێكی دیكە گفتوگۆ و ڕێككەوتنی نوێ‌ لە نێوان هەرێم و بەغدا دێتە ئاراوە، هاوكات ئەگەر حكومەتی ئێستاش ببێتە كاربەڕێكەر ئەوا وەزیرەكان كارەكانی خۆیان دەكەن، لە بودجەی بەكاربردن دەتوانرێت ئەو 200 ملیار دینارە خەرجبكەن.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ بوارنیوز ئەوەی ڕوونكردەوە، تا ئێستا دیار نییە كەی كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێندرێت و ناشزاندرێت كەی خولی نوێی پەرلەمانیش دستبەكارەكانی دەكات بۆیە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە ساڵی 2022 عێراق پرۆژەیاسای بودجەی نابێت، لەحاڵەتێكدا ئەگەر ساڵی داهاتوو عێراق نەیتوانی پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بكات، ئەوا بەپێی یاسا دەبێت كار بە یەك لەسەردوازدەی یاسای بودجەی ئەمساڵ بۆ ساڵی داهاتوو بكرێت تا ئەو كاتەی یاسای بودجە پەسەند دەكرێت، بەوجۆرەش تا پرۆژەیای نوێی بودجە پەسەند دەكرێت دەبێت ناردنی 200 میار دینارەكەی هەرێمیش بەردەوام بێت.

بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بۆ بوارنیوز جەختی لەوەكردەوە، حكومەتی عێراق نوێنەری حكومەتی هەرێمی لە بەغدا دڵنیاكردووەتەوە كە تا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بەردەوامی دەبێت، بەڵام لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ نازانین چارەنوسی ناردنی ئەو پارەیە بەكوێ‌ دەگات و كێ‌ دەبێتە سەرۆك وەزیران و دواتر چۆن هەولێر و بەغدا دەگەنە ڕێككەوتن.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color