گرنگ

وەزارەتی دارایی پارەی لەبەر دەست نەماوە بۆ دابەشکردنی موچە


 
بوار نیوز، تایبەت
شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەمرۆ موچەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دابەش دەکرێت، بەڵام تا کاتژمێر 10 بەیانی بانکەکان هیچ بڕە پارەیەکیان لەبەر دەست نەبووە بۆ دابەشکردنی موچەی ئەو وەزارەتە. دواتر لەئەنجومەنی وەزیرانەوە پارە دابینکراوە بۆ دابەشکردنی موچەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست بوار نیوز کەوتووە لەئێستادا وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکی لەبەردەست نییە بۆ دابەشکردنی موچەی ئەو وەزارەتانەی کە ماون موچە وەربگرن.
سەرچاوەیەکی تایبەت لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەدابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەتانەی کە ماون بەبوار نیوزی وت "بۆ بەیانی تائێستا ناتوانین موچەی هیچ فەرمانگەیەکی دیکەی حکومەت دابەش بکەین، چونکە وەزارەت هیچ بڕە پارەیەکی لەبەر دەست نییە، مەگەر ئەنجومەنی وەزیران شەو پارەی دیکە بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی تا بتوانرێت موچەی وەزارەتەکانی دیکە دابەشبکرێت".
تا ئێستا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دەزگای خانەنشینی سەربازی و مەدەنی ماون موچەی ئەو مانگە وەربگرن.
بەشێک لەفەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم چل رۆژی تێپەڕاندووە تا ئێستا موچەکانیان وەرنەگرتووە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا حکومەتی عێراقی 200 ملیاری مانگانەی هەرێمی نەناردووە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color