گرنگ

بەبێ ٢٠٠ ملیارەکەی عێراق، هەرێم لەنێوانی موچەی ٤٠ ڕۆژێک جارێک و موچە بەلێبڕین و پاشەکەوتکردنی موچەی مانگی ١٢ یەکێکیان دەخاتە بواری جێبەجێکردن


 

بوار نیوز، تایبەت
ئەمڕۆ شەممە ١٨/١٢/٢٠٢١ وەزیری دارایی هەرێم سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی ئابووری و داهات و پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتەکەی کۆبووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢/٢٠٢١ کراوەو وەزیری دارایی بە بەشدار بوانی کۆبوونەوەکەی گوتوە عێراق ٢٠٠ ملیارەکەی نەناردووەو پێشناچێت بەم زوانە ئەم پارەیە بگات، بۆیە ئەو چەند شوێنەی ماون مووچەی مانگی ١١ وەربگرن بە داهاتی مانگی ١٢ی ناوخۆی هەرێم دابەشدەکرێت.
سەبارەت بە مووچەی مانگی١٢/٢٠٢١یش وەزیری دارایی گوتویەتی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت قسەم کردووە بڕیاردرا مووچەی مانگی ئەم مانگە (١٢) دوای پشووەکانی سەری ساڵ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ دەکەن. بەمەش دابەشکردنی موچە ڕاستەوخۆ دەبێتە ٤٠ ڕۆژ جارێک.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، حکومەتی هەرێم بڕیارە کۆبونەوەیەکی بچووککراوەی حکومەت ئەنجام بدات و لەو کۆبونەوەیە گفتوگۆ لەبارەی نەهاتنی ٢٠٠ ملیارەکەی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم لەنێوانی موچەی ٤٠ ڕۆژێک جارێک و موچە بەلێبڕین و پاشەکەوتکردنی موچەی مانگی ١٢ یەکێکیان بخاتە بواری جێبەجێکردن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، وەزیری دارایی بەبەشداربووانی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت قسەی کردووەو بەڵێنی پێداوە لەدوای پشووەکانی سەری ساڵ بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستییانە هەر چۆنێک بێت موچەی مانگی ١٢ دابەش بکەن و هەر ڕێ و شوێنێک دەگیرێتە بەر بۆ موچەکانی ساڵی داهاتوو بێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color