گرنگ

”قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ دەرەوە بە ڕێژەی لە %15 زیادیكردووە"


 

 

زۆرترین جموجۆڵی بازرگانی لەمەرزی حاجی ئۆمەران بووەو کەمترینیش لەباشماخ

بوارنیوز، تایبەت
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات لەماوەی 12 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ چوار هەزارو 874 مۆڵەتی بازرگانی دراوە بەكۆمپانیاكان بۆ هێنانی كاڵا لەدەروازە سنورییەكانەوە كە زۆرترین مۆڵەتیشیان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بووە، لە مەرزی باشماخیش كەمترین مۆڵەت دراوە. بە بەراورد بە ساڵی ڕابردووش قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ دەرەوە بە ڕێژەی لە %15 زیادیكردووە.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە بوار نیوزی ڕاگەیاند: كاری بازرگانی لە دەروازە سنورییەكانی هەرێم بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیكردووە، بەجۆرێك لە 1/1/2021 تا بەرواری 15/12/2021 بەڕ‌ێوبەرایەتی بازرگانی هەرێم چوار هەزارو 874 مۆڵەتی بازرگانیمان بەكۆمپانیا بازرگانیەكان داوە لەو ژمارەیەش سێ‌ هەزار و 304 مۆڵەتیان بۆ هێنانی كاڵا بووە لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەورەها چوارهەزار و 455 مۆڵەتیشان بۆ هێنانی كاڵا بووە لەدەروازەی حاجی ئۆمەران، هاوكات 341 مۆڵەتیشیان لەدەروازەی باشماخ و 361 مۆڵەتیش بۆ هێنانی كاڵا لەدەروازەی پەروێزخانەوە بووە ئەوە سەرەڕای ئەوەی 294 مۆڵەتیش لە فرۆكەخانەی هەولێر و هەروەها 119 مۆڵەتیش لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە دراوە بە كۆمپانیاكان بۆ هاوردەكردنی كاڵا.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەبەراورد بەساڵی رابردوو كاری بازرگانی لەهەرێم زیادی كردووە بەجۆرێك ساڵی ڕابردوو چوارهەزار و 374 مۆڵەتی بازرگانیمان داوە بە كۆمپانیاكان، بەڵام ئەمساڵ 500 مۆڵەتی بازرگانی زیاترمانداوە لەمساڵیشدا زۆرترین كاڵا کە هێنراوەتە هەرێمی كوردستان خۆراكە بەهەموو جۆرەكانیەوە، پاشان كەرەستەی بیناسازی و دەرمان و پێداویستی كشتوكاڵی و چەند پێداویستیەكی دیكە.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بەشێوەیەكی گشتی قەبارەی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو بەڕ‌ێژەی 15% زیادی كردووەو تاڕادەیەك بارودۆخی بازرگانی لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام هێشتا زیاتر پێویستمان بەخۆ ڕ‌ێكخستنەوەو ئیدارەدان هەیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color