گرنگ

دڵنیاییەك لەئەمریكاوە بۆ هەرێم


 

 

بوارنیوز ناوەڕۆكی نامەیەكی وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ نێچیرڤان بارزانی ئاشكرادەكات

بوارنیوز، تایبەت
ئەمریكا لەرێگەی وەزارەتی بەرگری "پەنتاگۆن" نامەیەكی دڵنیایی گەیاندووەتە دەست نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە تایبەت بووە بەشەڕی داعش.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دراوە بە بوارنیوز، لەماوەی رابردوو لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا نامەیەكی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، نامەكە تایبەت بووە بە پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو مەترسییەكانی ئەم دواییەی چەكدارانی داعش، بەتایبەتی لەناوچە كێشە لەسەرەكان.
لەبارەی ناوەڕۆكی نامەكەوە، سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، كە تێدا دڵنیایی دراوە بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ئەمریكا لەپشتیوانییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە لەشەڕی داعش بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە لەنامەكەدا داوا لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان كراوە، هانی دەزگا پەیوەندیدارەكان بدات بۆ ئەنجامدانی چاكسازی زیاتر لەوەزارەتی پێشمەرگەو پەلە بكرێت لەیەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەو كار بۆ دروستكردنی هێزی هاوبەش لەهەرێمی كوردستان بكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر بوارنیوز بڵاویكردەوە، كە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ترسیان لەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەیەو لەو بارەشەوە داوای روونكردنەوەیان لەواشنتۆن كردووەو داواشیان كردووە، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەرێمی كوردستان نەگرێتەوە.
سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، كە ئەو نامەیە پەیوەندی بەو پەیامانەی بەرپرسانی هەرێم هەیە ئاراستەی واشنتۆنیان كردووەو پێدانی دڵنیاییەكش بووە بۆ هەولێر، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەشەڕی داعش ئەمریكا پشتی هەرێم بەرنادات.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color