گرنگ

هەموو شتێک لەبارەی کوشتنی قاسم سولەیمانی


 

 

"ئۆباما ڕێگربوو.. مۆساد هەوڵیدا.. ترامپیش جێبەجێیکرد"

بوارنیوز، تایبەت
"ئۆباما ڕێگربوو.. مۆساد هەوڵیدا.. ترامپیش جێبەجێیکرد"، ئەمە کورتکراوەی ئەو چیرۆکەیە، رۆژی 3ی 1ی 2020 دوا لاپەڕەی نووسرا، ئەویش کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بوو، کاتێک بەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە رێگەی موشەکەوە لە فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق کوژرا.

قاسم سولەیمانی یەکێک بوو لە گەورەترین جەنەڕاڵەکانی ئێران، ئەو بە "شەهیدی زیندوو" ناودەبرا وەک ئەوەی "ڕێبەری باڵا"ی ئێران عەلی خامنەیی وەسفی کردبوو.
کاتێک لەساڵەکانی 2014 بۆ 2015 پێشمەرگە شەڕی داعشی دەکرد، سولەیمانی بەردەوام تەراتێنی بوو بۆ لای هێزە کوردییەکان، کە ئەوە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو جەنەڕاڵە ئاڵۆزە بوو.
ئەو وەک نوێنەری ئێران وێنەی لەگەڵ سەرکردە کوردییەکاندا دەگرت، لەپاشان ساڵی 2015 زیاتر ناوی دەرکەوت بەشێوەیەک رۆژنامەی (فۆرین پۆلیسی) ئەمریکی نازناوی (سوارچاکی تاریکی) لێناو وەک ئەستێرەیەکی سیاسی‌و سەربازی ڕاستەقینە وەسفی کرد.

ئەوکات سولەیمانی لە عێراقیش وێنەیەکی جوانی پیشانی میلیشیا شیعییەکاندا بەتایبەتی لە شەڕی داعش، کە خۆی سەرپەرشتی بەرەکانی جەنگی دەکرد.
ئەمە وایکرد ئیسرائیل لەهەژموونی بترسێت‌و هەوڵی کوشتنی بدات، زۆر قورسە بڕوا بەوە بکرێت ڕۆژێک لەڕۆژان ئەمریکا خۆی قاسم سولەیمانی لە پلانێکی کوشتن ڕزگار کردووە، بەڵام راستییەکەی ئەوە روویداوە.

بەپێی چەند زانیارییەک سولەیمانی لەسەردانێکیدا لەنزیکی دیمەشق خەریکبووە بکوژرێت، کە دەزگایەکی هەواڵگری ئەمریکا ئەو زانیارییەی بۆ ئێران ئاشکرا کردووە بەوەی ئیسرائیلییەکان هەوڵی کوشتنی دەدەن، چونکە ئەو کات لە بەرژەوەندی واشنتۆن بوو سولەیمانی ڕزگاربکەن .
لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا لە دژی ڕێکخراوی داعش شەڕی دەکرد، بۆیە دەیانویست پارێزراو بێت، هەروەها کوشتنی لەو کاتەدا بەری ڕەنجی 9 ساڵی دانوستانی ئەتۆمی بەهەدەر دەدا، بەو هۆیانەوە سولەیمانی لەو هەوڵەی مۆسادی ئیسڕائیلی رزگاری بوو.

ئیسرائیل دوای ئەوەی لە هەوڵی کوشتنی سولەیمانی شکستیهێنا رێگەیەکی تری گرتەبەر، ئەویش ئەوە بوو هەوڵبدات لەناوخۆی ئێران وێنەیەکی ناشرینی بۆ دروست بکەن، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە کێشە لەنێوان سولەیمانی‌و خامنەیی دروستبکەن تا ئەوەش ببێتە هۆکارێک بۆ دوورخستنەوەی لەپۆستەکەی، کە ئیسرائیل هەمیشە بەگەورەترین مەترسی بۆ سەر قەوارەکەی دەیبینی.
هەندێک سەرچاوەی هەواڵگری ئاماژە بۆ چیرۆکێکی سەیر دەکەن، بەوەی ئیسرائیلییەکان ویستویانە بەلای کەمەوە لەمێشکی دەیەها ملیۆن ئێرانیدا بیچێنن بەشێوەیەک لەساڵی 2016 لیژنەیەکی بچووکی هاوبەش لە نێوان دەزگای مۆسادو دەزگای سەربازی (ئامان)دا دروستکرا بۆ ئەوەی ڕاستییەکی جیاواز سەرەوژور بڵاوبکەنەوە، ڕۆژنامەو خەڵکی ئێرانیش ئاڕاستە بکرێت بەبارێکدا، بەوەی قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتە تاوانی سولەیمانییە بەردەوام ئەوە بەگوێیاندا بدرێت تۆڕە سەربازییەکانی ئێران لە وڵاتاندا پارەیەکی زۆر دەکەوێت لەسەر حکومەت‌و ئەویش بەرپرسە لێی، چونکە هەر ئەوە بەردەوام تەراتێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات‌و چالاکییە سەربازییەکانیش بەپارەی خەڵکی ئێران ئەنجام دەدات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی حکومەت باجێکی زۆر بخاتە سەر خەڵک‌و ئەو قەیرانە دروست ببێت.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، ستراتیژی واشنتۆن لەگەڵ ئێران گۆڕانی بەسەردا هات، هەندێک پێیانوابوو خودی ترامپ لە لایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەرۆک بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لەدژی ئێران بگەیەنێتەوە جێگای خۆی، تەنانەت بتوانن هەوڵی ڕوخاندنی حکومەتی ڕۆحانی‌و دەسەڵاتی ئیمامەتیش لە ئێران جێبەجێبکەن.
ترامپیش بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەی ئەوەی لە توانایدا بوو درێغی نەکردو بەشێوەیەک پاش ساڵ‌و نیوێک لە سەرۆکایەتی لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوەو سوپای پاسدارانی ئێرانی بەتیرۆریست ناساندو دەستوەردانیشی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کردو ئابڵوقەی ئابووری تاقەت پڕوکێنی خستە سەر تاران .
یەکێک لەو هەنگاوەکانی ئەمریکا لە دژی تاران جیاوازتربوو لە هەموو ئەوانی تر، بریتی بوو لە بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، کە لە یەکەم ڕۆژی ساڵی 2018ەوە بەرنامەکەی بۆ دانراوە، دوای ئەوەی ئەمریکاو ئیسرائیل ناکۆکی 3 ساڵەیان کۆتایی پێهێناو ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی سولەیمانی‌و تۆڕەکانی هەڕەشەن لەسەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆیە هەواڵگری ئەمریکی گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکرد هەرکات توانییان کۆتایی پێبهێنن.
لە دوو ساڵی کۆتایی دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا زۆرترین هەڕەشەی جدی لەسەر ژیانی سولەیمانی هەبوو، ئەو هەڕەشەیەش لە ئەیلولی ساڵی 2018 دووپاتبووەوە، کاتێک گروپێکی دژە تیرۆرو هێزی تایبەتی ئەمریکی بەهاوکاری مۆسادی ئیسرائیلی لە خاکی عێراقدا کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی سولەیمانی، کە لە بەغدادەوە بەرەو سەڵاحەددین کەوتبووەڕێ کرایە ئامانج.
بەشێوەیەک لە ناو کاروانی ئۆتۆمبیلەکە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوەو دەبوو ئۆتۆمبیلەکە نزیک بێت لە ئۆتۆمبیلەکەی سولەیمانی، بەڵام لە کاتی ڕۆیشتندا ئۆتۆمبیلەکەی سولەیمانی 3 جار شوێنەکەی گۆڕیبوو، کە ئەوەش بووە هۆی ڕزگاربوونی ئەو جارەشی لە کوشتن.

ئاراستەکردنی موشەکێک بۆ بنکەی سەربازی (کەی 1)ى ئەمریکی لە کەرکوک، بووە هۆی کوژرانی خانەنیشینێکی ئەمریکی‌و پاشان هێرشکردنە سەر مۆڵگەکانی حەشدی شەعبی لە لایەن ئەمریکاوە، لە 29 دیسەمبەری 2019، بووە هۆی برینداربوون‌و کوژرانی 70 کەس‌و دواتر هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە لایەن حەشدی شەعییەوە، ئەو زنجیرە ڕووداوانە بووە هۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ ترامپ بێتە ناوەوە بۆ لەناوبردنی قاسم سولەیمانی.
چونکە بە بەرپرسی دەزانی لە تەواوی ڕووداوەکانی ئەو ماوەیە، بۆیە پاش هێرشەکەی بنکەی سەربازی کەرکوک بە 30 موشەک و کوشتنی کەسێکی ئەمریکی، ترامپ دەستی بەجوڵە کردو هێرشی کردە سەر میلیشیا چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران، ئەوەش کاردانەوەی تاران‌و هێزەکانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوەو هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
بەم هەنگاوەش ئەو لایەنانە هێڵە سوورەکەی ئەمریکایان بەزاندو ترامییش راستەوخۆ ئەو بژاردەیەی پەسەندکرد، کە کوشتنی قاسم سولەیمانی بوو.
وێنەکە پێنج ڕۆژ پێش کوشتنی سولەیمانی لەمێشکی ترەمپدا کێشرابوو، کە لەڕۆژی یەک شەممەداو لە 29 دیسەمبەر لەکاتی پشووەکەیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕاوێژکارەکانیدا لەشوێنێکی دڵڕفێن بەناوی (مار– وەن– لاغۆ) پاش ئەوەی بۆ هەندێک لە ڕۆژنامەنووسە ئامادەبووەکان هێرشی سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند.
دواتر کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداو کۆبوونەوەکەش تایبەت بوو بەوەی چ شتێک زۆر ئێرانییەکان بریندار دەکات؟
ترامپ ئەم جارە هاوکارو راوێژکارەکانی سەرسام کرد بەئازایەتییەک، کاتێک داوای لێکردن سولەیمانی بە ئامانج بگرن پاش ئەوەی هەواڵگری وڵاتەکەی زانیاری وردییان دابوو پێی، کە پاش هەفتەیەکی تر دەچێتە فڕۆکەخانەی بەغدا، هەروەها ئەوەی پێوتن ئەگەر ئەمجارە ئەمەمان لە دەست دەربچێت ئەو کات ئێرانییەکان وا هەست دەکەن هەرچییان بوێت دەتوانن بیکەن.
هەر لەو کۆبوونەوە ترامپ فەرمانی شوێنپێهەڵگرتنی سولەیمانی داو پاشان دەستکرا بەهەڵمەتێکی چڕوپڕی هەواڵگری لەسەری لەڕێگای تۆڕێکی ئاڵۆزەوە، لە چاودێرانی زەمینی‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و زانیاری هەواڵگری لەسەرچاوەی ناڕاستەوخۆوە.
پاشان فەرمانی کۆتایی پێش چالاکییەکە بۆ دەرکردن‌و لەسێی کانوونی دووەمی 2020 وەک خۆی جێبەجێکراو قاسم سولەیمانی لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ‌ فڕۆکەوانەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق کوژرا، ئەمە جگە لە کوشتی ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی لە عێراق.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color