گرنگ

ئێران بە چ مەرجێک ڕازییە سەرۆک کۆمار بدرێت بەپارتی؟


 
بوارنیوز، تایبەت
ئێران پەیامێكی ئاراستەی هەردوو لایەنی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی كردووە، بەزوویی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێكبكەون‌و لەپەیامەكەشیدا رایگەیاندووە، پێیان باشە ئەو پۆستە بۆ كاندیدی یەكێتی بێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارو تایبەتەوە دراوە بە بوارنیوز، لەدواین پەیامدا ئێران داوای لەپارتی‌و یەكێتی كردووە، كە بەزوویی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێككەوتن بكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لایەنی ئێرانی لەپەیامەكەیدا جەختیكردووەتەوە، ئەوان پێیان باشە كاندیدی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی نیشتمانی بێت‌و ئەگەر پارتیش سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوە مەرجیان بۆ كاندیدی ئەو حیزبە هەیە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئێران تەنیا بەوە رازییە كاندیدی سەرۆك كۆمار پارتی بێت، دەبێت یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی ئەو پۆستە وەربگرێت‌و بەڕوونیش ئەوەیان وتووە، ئەوان دەیانەوێت نێچیرڤان بارزانی ئەو پۆستە وەربگرێت‌و تەنانەت لەكاتی خۆكاندیدكردنی بۆ ئەو پۆستە، بەتەواوی پشتگیری دەكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە، ماوەیەكە یەكێتی پارتی دەستیان بەگفتوگۆ كردووە، كە بەشێكی زۆری گفتوگۆكانیشیان تایبەتە بە پرسی بەشداری كورد لەحكومەتی عێراق‌و تائێستاش لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێكنەكەوتوون، كە پشكی كوردە لەناو پۆستەكانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color