گرنگ

بۆ رزگاركردنی كابینەكەی مەسرور بارزانی، پارتی دەیەوێت ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بکاتە مەرجی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێڕاق


 

بوارنیوز، تایبەت
پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەرێگەی حكومەتی عێراقەوە كار بۆ رزگاركردنی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بوارنیوز كەوتووە، بەشێك لەو وەرەقەیەی پارتی دیموكراتی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئامادەی بكات، تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق.
هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی دەیەوێت پشكی هەرێم‌و ناردنی سولفە لەبەغداوە بكاتە مەرجی كورد بۆ بەشداری لەحكومەتی نوێی عێراق‌و لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان گرنتی ئەوە وەربگرێت.
بەقسەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، ئامانجی پارتی لەو مەرجە ئەوەیە لەماوەی ساڵی داهاتووشدا كێشەی دارایی بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی دروست نەبێت، بەتایبەتی لەپرسی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران.
هەر بەقسەی سەرچاوەكە، بەرپرسانی پارتی بە بەرپرسانی یەكێتیان وتووە، ئەگەر ئەوە جێگیر نەكرێت لەگفتوگۆكان، ئەوە دەبێت هەڵوێستی جیدیان هەبێت‌و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەش بكەن، كە بەشداری لەحكومەتی نوێی عێراق ناكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە پارتی‌و یەكێتی دەستیان بەگفتوگۆ كردووە، ئامانجیچ لەگفتوگۆكانیان پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشە بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق‌و دەیانەوێت بە شاندێكی هاوبەش‌و وەرەقەیەكی سیاسی بچنە بەغداوە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color