گرنگ

موسەننا ئەمین بەفشاری پارتی‌و لەسەر داوای چەند سەركردەیەكی یەكگرتوو كشاوەتەوە


 
بوارنیوز: تایبەت
موسەننا ئەمین، كە خۆی كاندیدكردبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەفشاری پارتی دیموكرات‌و لەسەر داوای چەند سەركردەیەكی یەكگرتووی ئیسلامی كشاوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست بوارنیوز كەوتووە، چەند سەعاتێك پێش بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسانی پارتی دیموكرات دەستیان بەفشار بۆ كشانەوەی موسەننا ئەمین كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، فشارەكانیش لەرێگەی چەند سەركردەیەكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووەو داوایان لێكردوون، كە داوا لەموسەننا ئەمین بكەن لەخۆكاندیدكردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بكشێتەوە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، دوای فشارەكانی پارتی، چەند بەرپرسێكی یەكگرتوو داوایان لەموسەننا ئەمین كردووە، كە لەخۆكاندیدكردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بكشێتەوەو ئەویش داواكارییەكەیانی جێبەجێكردووە.
موسەننا ئەمین، رۆژی هەینی رابردوو حەوتی كانوونی دووەم لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، خۆی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كاندید دەكات، كە ئەو پۆستە پشكی كوردە لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
رۆژی نۆی كانوونی دووەمیش، كە تێدا پەرلەمان كۆبووەوەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرا، بەچەند خولەكێك پێش پرۆسەكە، موسەننا ئەمین لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كشانەوەی خۆی لەكاندیدبوون بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان راگەیاند.
لەدوای كشانەوەی موسەننا ئەمینیش، كێبڕكێكە لەنێوان سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌‌و شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پارتی مایەوەو پرۆسەكەش لەبەرژەوەندی شاخەوان عەبدوڵڵا كۆتایی هات‌و بە 180 دەنگ بووە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color