گرنگ

بافڵ تاڵەبانی دەچێتەوە بەغدا


 

كار بۆ ئەوە دەكات لایەنەكان دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن

بوارنیوز، تایبەت
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی گەڕایەوە شاری بەغداو بڕیارە دەست بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست بوارنیوز كەوتووە، بافڵ تاڵەبانی رۆژی سێ‌ شەممە 11ی كانوونی دووەم گەڕاوەتەوە شاری بەغدا، ئەوەش بەیاوەری شاندێك لەمەكتەبی سیاسی حیزبەكەی.
سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بۆ بوارنیوز ئاشكرایكرد، كە ئامانج لەو سەردانەی بافڵ تاڵەبانی‌و شاندەكەی یەكێتی ئەوەیە، دەست بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە شیعی‌و سوننییەكان بكەن، تا دەنگ بەكاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بدەن.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە یەكێتی دەیەوێت پشتگیری‌و دەنگی تەواوی لایەنە عێراقییەكان بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار كۆبكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ پارتی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار نەگەیشتنە رێككەوتن، بۆ كاتی هەڵبژاردن كاندیدەكەیان كێشەی بۆ دروست نەبێت لەدەنگدانی پەرلەمان.
ئەمە لەكاتێكدایە، تائێستا پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتوونەتە رێككەوتن‌و ئەگەر هەیە هەردوولایان كاندیدی جیایان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق.
نەگەیشتنە ئەنجامی پارتی‌و یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدێك بۆ سەرۆك كۆمار پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە یەكێتی سوورە لەسەر كاندیكردنەوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق بۆ ئەو پۆستەو پارتیش ئەو كاندیدە رەتدەكاتەوە.
لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش، كە رۆژی 10ی كانوونی دووەم لەشاری سلێمانی بەرێوەچوو، یەكێتی سووربوونی خۆی لەكاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دووپاتكردەوە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color