گرنگ

"هەڕەشە قورسەکان" بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان


 

 

یەکێتی بە راگەیاندنی هەرێم‌و پارتیش بە ژمارەی کورسی هەڕەشە لەیەکتری دەکەن

بوارنیوز، تایبەت
هێشتا گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەگەیشتووە بە خاڵێک، ئەوەش بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، کە پشکی کوردە لە سێ‌ سەرۆکایەتییەکەی عێراق.
پارتی‌و یەکێتی ماوەی دوو هەفتەیە گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن‌و بەهۆی سووربوونیان لەسەر هەڵوێستەکانیان تائێستا نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک، کە ئەوەش کێشەکانی نێوانیانی زیاتر کردووەو وایکردووە، هەردوولا بەکارتی جیاواز هەڕەشە لەیەک بکەن.
هەڕەشەکان گەیشتووە بەئاستێک، کە یەکێتی بە راگەیاندنی هەرێمی کەرکوک‌و سلێمانی‌و هەڵەبجە هەڕەشە لەپارتی بکات‌و پارتیش بە زۆری ژمارەی کوردسییەکانی هەڕەشە لەیەکێتی بکات.
یەکێتی، کە لە دوای ساڵی 2005ەوە پۆستی سەرۆک کۆماری لایە، بۆ ئەم خولەش بە مافی خۆی دەزانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، کە ئەو لایەنە 19 کورسی پەرلەمانی عێراقی هەیەو دووەم گەورەترین لایەنی هەرێمە لەو پەرلەمانە.
لەبەرانبەردا پارتی خاوەنی 31 کورسی پەرلەمانییەو وەک گەورەترین لایەنی سیاسی کوردی لە پەرلەمانی عێراق بەمافی خۆی دەزانێت، رۆڵی سەرەکی هەبێت لە دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار.
پارتی پێشتر چەند جارێک رایگەیاندووە، ئەوان لاریان نییە لەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت، بەڵام دەبێت کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە پێشکەش بکەن، کە هەردوولایان رایان لەسەری هەبێت‌و رێککەوتنی لەسەر بکەن.
لە بەرانبەردا یەکێتی بەهۆی ئەوەی ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، دەیەوێت خۆی کاندیدێک پێشکەش بکات‌و پارتی دیموکراتیش پشتگیری ئەو کاندیدەی بکات، بەڵام پارتی بەوە رازی نییە.
ئێستا یەکێتی سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە ساڵی 2018 ئەو پۆستەی وەرگرت‌و پارتیش کاندیدکردنی ناوبراو رەتدەکاتەوە، بەو هۆیەشەوە کێشەکانیان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی "هەڕەشە قورسەکە" لەیەکتری بکەن.
رێزان شێخ دلێر راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو بارەوە دەڵێت: یەکێتی بەمافی خۆی دەزانێت پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، لەو بارەشەوە سەرپشکە کێ‌ بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکات.
رێزان شێخ دلێر دەشڵێت: لەسەر پارتی پێویستە دەنگ بەو کاندیدە بدات یەکێتی بۆ سەرۆک کۆمار رایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە پەرلەمانی عێراق‌و بەغدا پەرت نەبێت.
ئەو راوێژکارەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوەش کردووە، یەکێتی سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح‌و پێشیوایە، ناوبراو کەسێکی شیاوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە.
سووربوونی یەکێتی لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح وای نەکردووە، پارتی بێتە ژێر باری ئەو خواستەو لە گفتوگۆکان باسیان لەوە کردووە، ئەگەر یەکێتی لەسەر ئەو خواستەی بەردەوام بێت، ئەوا ئەوانیش هەڵوێستی تریان دەبێت.
ماجید شنگالی پەرلەمانتاری پارتی لەو بارەوە دەڵێت: پارتی رێگرو لاری نییە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کاندیدی یەکێتی بێت‌و لەو بارەوە هەردوولا رێککەوتن بکەن لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو.
ماجید شنگالی دەشڵێت: پارتی بەمافی خۆی دەزانێت رۆڵی هەبێت لەدیاریکردنی کاندیدێک‌و ئەگەر یەکێتی سووربێت لەسەر هەڵوێستەکانی، ئەوە پارتی هەڵوێستی تری دەبێت.
لەبارەی هەڵوێستی پارتی، ئەو پەرلەمانتارە وتی: پارتی زۆرینەیە لەپەرلەمانی عێراق‌و رێککەوتنیشی هەیە لەگەڵ چەند لایەنێک، بۆیە ئەگەر یەکێتی بەردەوام بێت، ئەوە بەدڵنیایی پارتیش کاندیدی خۆی دەبێت‌و دەیکاتە رکابەری کاندیدی یەکێتی.
لەسەر ئەو پرسە عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: نابێت یەکێتی ترسی لەهەڕەشەکانی پارتی هەبێت‌و بچێتە ژێر باری ئەو خواستانەی ئەو هەیەتی.
عەتا سەراوی دەشڵێت: پارتی ئەگەر هەر سووربوو لەسەر خواستەکانی، ئەوە دەبێت یەکێتی هەڵوێستی تری هەبێت، ئەویش جیاکردنەوەی هەرێمی کەرکوک‌و سلێمانی‌و هەڵەبجەیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color