بوارنیوز، سلێمانی
چەند رۆژێکە رێژەی گەشتیاران بۆ شاری سلێمانی زیادی کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو رێژە بەفرەی لەناوچە شاخاوییەکانی شارەکە باریوە.
ئەگەری زیادبوونی ژمارەی گەشتیار دەکرێت، بەهۆی ئەوەی رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو رێژەی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر بێت، ئەوەش بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی لەم مانگەدا روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات.
داسیار محەمەد بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتیاری لە پارێزگای سلێمانی لەو بارەوە دەڵێت: رێژەی سەردانى گەشتیار بۆ پارێزگای سلێمانی زیاتر بووەو بەدڵنیایش بەهۆی بارینی ئەو رێژە بەفرەیە، کە لە چەند ناوچەیەکی شاخاوی شارەکە بەتایبەتی شاخی ئەزمەڕ باریوە.
داسیار محەمەد لە بارەی ژمارەی گەشتیاران دەشڵێت: تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوو 60 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووەو زۆربەی ئەو گەشتیارانەش چوونەتە سەر شاخی ئەزمەر لە شاری سلێمانی، کە رێژەیەکی باش بەفری لێباریوە.
ئەو بەرپرسەی دەستەی گەشتیاری سلێمانی باس لەوەش دەکات، بارینی بەفر گاریگەری زۆری دەبێت لەسەر هاتنی گەشتیارو باسی لەوەش کردووە، کە رێژەی گەشتیاری ساڵ بەساڵ لەسنووری سلێمانی زیاد دەکات.
بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتیاری هەرێم، بەدرێژایی ساڵی 2021 یەک ملیۆنو نیو گەشتیار هاتوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانیو چاوەڕوان دەکرێت بۆ ساڵی نوێ 2022 ئەو رێژەیە زیاتریش بێت.
لەلایەکی تر مەحمود تۆفیق سەرۆکی یەکێتی میوانخانەکانی سلێمانی باس لە زیادبوونی رێژەی گەشتیار بۆ سلێمانی دەکاتو دەڵێت: زۆربەی گەشتیاران، چ لە ساڵی رابردوو چ لە سەرەتای ئەمساڵ، کە روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە، خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاستو باشووری عێراق بوون.
مەحمود تۆفیق باسی لەوەش کردووە، راگەیاندن کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر زۆربوونی ژمارەی گەشتیارو دەشڵێت: دەبێت گرنگی زیاتر بدرێت بەو کەرتە، ئەوەش لە پێناوی زیاتر راکێشانی گەشتیار بۆ ناوچە جیاوازەکانی سلێمانی.
گرنگیدان بە شوێنە گەشتیارییەکان هۆکارێکی ترە بۆ هاتنی زیاترى گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، کە ساڵانە ناوچەی زیاتری گەشتیاری لە سنوورە جیاوازەکان دەکرێتەوە.
ئیبراهیم عەکیلی، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی بەغداد، دەڵێت: بەڕوونی دیارە لەمساڵدا رێژەی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، بەتایبەتی لەم دوو هەفتەیەداو زۆربەی گەشتیارەکانیش بەرەو پارێزگای سلێمانی چوون.
ئیبراهیم عەکیلی دەشڵێت: خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاستو باشووری عێراق دەیانەوێت دیمەنی جوانی بەفربارین ببیننو ئەگەر ئەو شەپۆلە سەرمایە زیاتریش بێت، ئەوە بەدڵنیایی رێژەیەکی زیاتر لە خەڵکی روو لە ناوچەکانی هەرێم بەتایبەتی سلێمانی دەکەن.
ئەو ناوچانەی لە هەرێم رێژەیەکی زۆر بەفریان لێباریوە، ناوچە شاخاوییەکانی شاری سلێمانیو دەربەندیخانو پێنجوێنو ناوچەی هەورامانە لەپارێزگای هەڵەبجە، کە بەهۆیەوە زۆرێک لە شاخەکانی ئەو ناوچانە سپی پۆش بوونو دیمەنێکی جوانیان بەشارەکان بەخشیوە.