گرنگ

ڕێککەوتنەکەى پارتى و سەدرو حەلبوسى ئەگەرى دواخستنى هەڵبژاردنى هەرێمى لێدەکەوێتەوە


 

 

بوارنیوز، تایبەت
وا بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا شاندى هاوبەشى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نشتیمانى کوردستان کۆببنەوە لە بارەى پرسى هەڵبژاردنى پەرلەمان و هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، بەڵام ئەو کۆبوونەوانە بۆ کاتێکى نادیار دواخراون و هەردوولایەنى پارتى و یەکێتیش کۆکن، هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا ئەنجام نەدرێت.

بەپێى ئەو زانیارییانەى لەئەندامێکى بەشدار لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانى نێوان یەکیتى و پارتى بە بوارنیوز دراون ئەوە خراوەتەڕوو، "لە کۆبوونەوەى پێشووى هاوبەشى نێوان یەکێتى و پارتى بڕیادرابوو لەم هەفتەیەدا بەدیاریکراوى رۆژی سێ شەممە جارێکى دیکە هەردوو شاند لەبارەى پرسى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و هەموار کردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆن جارێکى دیکە کۆببنەوە، بەڵام بەهۆى ئەو لێکترازانەى نێوان پارتى و یەکێتى دروستبوو لە پەرلەمانى عێراق ئەو کۆبوونەوانەى هەرێمى کوردستانیشى بۆ کاتێکى نادیار ڕاگیراون.

ئاماژەى بەوەشکرد، ڕاگرتنى ئەم کۆبوونەوانە دواجار ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن بەدواى خۆیدا دەهێنێت، چونکە یەکێتى و پارتیش هەردولا هاوڕان هەڵبژاردن لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا ئەنجام نەدرێت و ئەوەى لە ڕاگەیاندنەکانەوە بانگەشەى بۆ دەکەن کە گوایە هەردولا لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانن تەنها بۆ راگەیاندنەکانەو دەیانەوێت بەهاووڵاتیان و لایەنەکانى دیکە بڵێن هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

ئەو ئەندامەى شاندى هاوبەشى پارتى و یەکێتى جەختى لەوەشکردەوە، ناکۆکى زۆر قوڵ لەنێوان پارتى و یەکێتى هەیە لەسەر پرسى هەڵبژاردن لە هەرێم لە بارەى فرەبازنەیى و یەک بازنەى لەگەڵ هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردن و هاوکات کاراکردنەوەى کۆمیسیۆن، هەموو ئەو ناکۆکیانەش پاڵنەرێکى دیکەیە یەکێتى و پارتى نایانەوێت هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا ئەنجام بدرێت

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color