گرنگ

سیناریۆ مەترسیدارەکان


 

 

چارەنووسی عێراق دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

بوارنیوز، تایبەت
چەند سیناریۆیەک چاوەڕێی عێراق دەکەن، ئەوەش دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان لەبنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.
زۆربەی سیناریۆکان مەترسین بۆ چارەنووسی عێراق، بەتایبەتی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعش، رەنگە بەو هۆیەوە جارێکی تر ئەو وڵاتە ببێتە گۆڕەپانی شەڕێکی گەورەو قوربانی زۆری لێبکەوێتەوە.

جگە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش‌و دەسەڵاتەکەی لە چەند ناوچەیەکی عێراق، ئەگەری پێکنەهێنانی حکومەت‌و زیاتر بوونی دەسەڵاتی ئێران‌و سەر هەڵدانەوەی شەڕی تایەفەگەری، ئەگەرەکانی ترن، رەنگە رووبەڕووی عێراق ببنەوەو ئەو وڵاتە زیاتر بەرەو چارەنووسی نادیار بەرن.

رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی رابردوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی هاتنی ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی لە عێراق راگەیاند، کە لە ساڵی 2014ەوە بۆ شەڕی چەکدارانی رێکخراوی داعش لەو وڵاتە جێگیربوون.

دوای ئەو راگەیاندنەی کازمی، زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە تەواوی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان‌و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق کشاونەتەوەو ئەمەش وای کردووە، ئەگەری روودانی چەند سیناریۆیەک لەو وڵاتە بکرێت.

گەڕانەوەی داعش
زۆربەی سەرچاوە ئەمنییەکان‌و ناوەندەکانی توێژینەوەی تایبەت بە دۆخی ئەمنی عێراق، باس لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە دەکەن، کە رەنگە ئەم ئەگەرە لەهەموو ئەگەرەکانی تر بەهێزتر بێت.

سەرچاوەو ناوەندەکان هۆکاری ئەو ئەگەرە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، بەم دواییانە جموجوڵەکانی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق رووی لە زیادبوون کردووە، هەروەها باس لەوەش دەکەن، هێزە شەڕکەرەکانی عێراقیش ئەو توانایان نییە رووبەڕووی ئەو چەکدارانە ببنەوە، بۆیە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش بەدوور نازانرێت.

ناوەند‌و سەرچاوەکان، جگە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش باس لەوەش دەکەن، رەنگە داعش بتوانێت کۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەکی عێراق بکات، بەتایبەتی ئەگەر هێزە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە بەزوویی کۆتایی بەو جموجوڵانەیان نەهێنن، بەم دوایانە دەستیان پێکردووە.

مەترسی گروپە چەکدارییەکان
مەترسی گروپە چەکدارییەکانی سەر بەحەشدی شەعبی‌و نزیک لە ئێران، ئەگەرێکی ترەو چاوەڕێی چارەنووسی عێراق دەکات، کە مەترسی زیادبوونی دەسەڵاتی ئەو گروپانەش لە چەکدارانی داعش کەمتر نییەو رەنگە زیاتریش بێت.
ئەم ئەگەرە بەشێوەیەکە، کە رەنگە دوو سەرە بێت، چونکە ئەگەر داعش سەر هەڵبداتەوە، ئەگەری زیادبوونی دەسەڵاتی ئەو گروپانە بەهێزتر دەبێت.
هەروەها ئەگەر داعشیش سەر هەڵنەداتەوە، ئەوە ئەگەری زیاد بوونی دەسەڵاتی ئەو گروپانە هەر بەهێزە، ئەوەش بەهۆی نەمانی دەسەڵاتی ئەمریکا لەناوچەکەو زیادبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق.

شکستی پێکهێنانی حکومەت
خەڵکی عێراق لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردوو چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان‌و بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد، بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی گومان، پێکهێنانی حکومەتی نوێیە لە وڵات، بە تایبەتی لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان، ئەگەری ئەوەی زیاتر لێدەکرێت، کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ‌ قوورستر بکات‌و رەنگە هەر نەتوانرێت حکومەت پێکبهێنرێت، بە تایبەتی ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کە ئێستا هەیە.
جگە لە ئەگەری قوورسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ‌، ئەگەری ئەوەش دەکرێت، ئەگەر حکومەتیش پێکبهێنرێت، بەشێک لە لایەنەکان بەشداری نەکەن، یان بەشدارییان پێنەکرێت، ئەمەش دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات‌و رەنگە شەڕی تایفی جارێکی تر لە وڵات سەر هەڵبداتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color