گرنگ

یەکێتی خولی فێربوونی زمانی عەرەبی بۆ پەرلەمانتارەکانی لەبەغدا دەکاتەوە


 

 

یەکێتی رێگەی نەداوە پەرلەمانتارەکانی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان

بوارنیوز، تایبەت

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، خولێکی فێربوونی زمانی عەرەبی بۆ پەرلەمانتارەکانی لەبەغدا دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، ماوەی ئەو خولەی یەکێتی نیشتیمانی بۆ پەرلەمانتارەکانی کردوویەتییەوە لەشاری بەغدا 15 رۆژەو لەو ماوەیەدا پەرلەمانتارەکان ئاشنادەکرێن بە بەشە جیاوازەکانى پەرلەمان و هەروەها فێردەکرێن چۆن هەڵسوکەوت بکەن و هەروەها شێوازى بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکانى پەرلەمان و ئامادەکردنى ڕاپۆرت و بەشداریکردنیان لە لیژنەکانى پەرلەمانیان بۆ ڕوون دەکرێتەوە.
لەماوەی ئەو پازدە رۆژەدا خولی بەهێزکردنى زمانى عەرەبى بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەکرێتەوە کە بە باشى شارەزاى زمانى عەرەبى نین.

بەپێى ئەو زانیارییانەى لە پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە بوارنیوز دراون ئەوە خراوەتەڕوو، لەگەڵ گەیشتنى پەرلەمانتارانى یەکێتى بە بەغدا و دواى سویند خواردنیان لە پەرلەمانى عێراق، ئەو پەرلەمانتارانە بەنیازبوون بگەڕێنەوە هەرێمى کودستان، بەڵام لەلایەن سەرۆکى فراکسیۆنی یەکێتى ڕێگە نەدراوە هیچ پەرلەمانتارێکى یەکێتى بگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان و پێیان وتراوە دەبێت خولێکى 15 ڕۆژیتان بۆ بکەینەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، "خولەکە خۆى دەبینێتەوە لە بەهێزکردنى زمانى عەرەبەى بۆ ئەو پەرلەمانتارانەى کە شارەزایى تەواویان نییە لە نوسین و قسەکردن بە عەرەبى".

بوار نیوز ئەوەشى زانیوە لەو خولەى بۆ پەرلەمانتارانى یەکێتى کراوەتەوە، لەلایەن پەرلەمانتارانى خولى پێشووتر بەشێک لە وانەکان دەوترێتەوە بە تایبەت (هەرێم کەمال ئاغا) و (دیلان غەفور) کە لە خولەکانى پێشوو پەرلەمانتار بوون و شارەزاى بەشە جیاوازەکانى پەرلەمانن و پەرلەمانتارانى نوێ بەو بەشانە ئاشنادەکەن و ئامادەیان دەکەن بۆ ئەوەى لە دانیشتنەکانى داهاتووى پەرلەماندا پێویستیان بە کەس نەبێت بۆ ڕێ نیشاندانیان لە کاروبارەکانى پەرلەمان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color