گرنگ

بەرهەم ساڵح نیگەرانە


 

 

داوای كردووە یەكێتی بەفەرمی كاندیدبوونی رابگەیەنێت‌و پشتگیری بكەن

بوارنیوز: تایبەت
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق نیگەرانەو داوای كردووە، ئەگەر كاندیدی یەكێتی نیشتمانییە بەتەواوی پشتگیری بكرێت‌و بەفەرمیش ئەوە رابگەیەنێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەت‌و ئاگاداری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی دراوە بە بوارنیوز، نیگەرانی بەرهەم ساڵح لەدوای ئەوەوە دروست بووە، كە لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بەرهەم ساڵح پەیامێكی بۆ هاوسەرۆك‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووەو لەپەیامەكەدا نیگەرانییەكانی لەو بارەوە خستووەتەڕوو، داواشی كردووە، كە ئەگەر ئەو كاندیدی یەكێتییە، بەفەرمی رابگەیەنرێت‌و لەمیدیاكانیشەوە بەتەواوی پشتگیری بكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر چەند بەرپرسێكی یەكێتی رایانگەیاند، تاكە كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵحە، بەڵام دواتر بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لەتیف رەشید خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردو لەچەند میدیایەكی یەكێتیشەوە كاندیدبوونی راگەیەنرا.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە بەرهەم ساڵح پێیوایە، ئەوە جۆرێكە لەیاریكردن‌و لەناوخۆی یەكێتی لەدژی دەكرێت، بەوەی نایانەوێت وەك كاندیدی فەرمی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار رابگەیەنرێت.
پێشتر بڕیاربوو پارتی‌و یەكێتی یەك كاندیدی هاوبەشیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبێت، كە ئەو پۆستە پشكی كوردە لەناو سێ‌ سەرۆكایەتییەكە، بەڵام بەكاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەكە، پارتیش كاندیدی بۆ ئەو پۆستە پێشكەش كرد.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color