گرنگ

یەكێتی دەست بەجوڵەی نوێ‌ دەكات


 

 

دەیەوێت پشتگری تەواوی لایەنەكان بۆ دەستخستنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بەدەستبهێنێت

بوارنیوز: تایبەت
یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەست بەجوڵەی نوێی سیاسی دەكات، ئەوەش لەپێناوی هێشتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەدەستی خۆی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بە بوارنیوز كەوتووە، لەكۆبوونەوەكەی شەوی رابردووی (15 كانوونی دووەم) مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت لەوە كراوەتەوە، كە پێویستە پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەست یەكێتی بمێنێتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكە بڕیاردراوە لە ئەمڕۆ یەك شەممەوە (16ی كانوونی دووەم) دەست بەجوڵەی نوێی سیاسی بكەن‌و چ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم‌و چ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆبوونەوە ئەنجامبدەن.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئامانجی كۆبوونەوەكانی یەكێتی بۆ ئەوە دەبێت، تا پشتگیری تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم‌و عێراق بەدەست بهێنن، بۆ ئەو كاندیدەی پێشكەشی دەكەن بۆ سەرۆك كۆماری نوێی عێراق.
ئەمە لەكاتێكدایە، پارتی دیموكرات رازی نییە بە كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو بەو هۆیەشەوە خۆی هۆشیار زێباری كاندید كردووە بۆ هەمان پۆست.
پۆستی سەرۆك كۆمار، چەند ساڵێكە پشكی كوردە لەناو پۆستەكانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق‌و بە بەردەوامیش ئەو پۆستە لای كاندیدی یەكێتی بووە.
لەبارەی سووربوونی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی باسی لەوە كرد، كە هێشتا ئەو پرسە بەكراوەیی ماوەتەوەو بڕیاری كۆتایی لێنەدراوە.
سەرچاوەكە وتیشی: یەكێتی سەرەتا دەیەوێت پشتگری تەواوی لایەنەكان دەست بخات، دواتر بڕیاری كۆتایش لەبارەی كاندیدەكەوە دەدات.


بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color