گرنگ

سەركردەی هەڵوێستە دژەكان


 

 

موقتەدا سەدر لەناڵیش دەدات‌و لەبزماریش

بوارنیوز: تایبەت
بە بەیاننامە لەدژیان دەوەستێتەوەو دەڵێت: لەحكومەتی داهاتوو جێگەیەك بۆ "گەندەڵكاران" نەماوە، كەچی لەماڵەكەی خۆی لەحەنانەی نەجەف بەگەرمی پێشوازیان لێدەكات.
ئەوە موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدرە، كە زۆرێك لەچاودێران پێی دەڵێن "سەركردەی هەڵوێستە دژەكان"، بەجۆرێك لەزۆربەی پرسەكاندا لە ناڵیش دەدات‌و لەبزماریش.
بەم دوایانە موقتەدا سەدر هەلی بردنەوەی 73 كورسی پەرلەمانی عێراقی لەدەست خۆی نەداو دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بەرێوەچوو، رایگەیاند، حكومەتی "زۆرینەی نیشتمانی" لەگەڵ چەند لایەنێك پێكدەهێنین.
موقتەدا سەدر راشیگەیاند، لەناو ئەو حكومەتەدا جێگەیەك بۆ گەنداڵكاران نییە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ بەشداریپێنەكردنی ئەو لایەنانەی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگین‌و سەر بەگروپەكانی حەشدی شەعبی نزیك لەئێرانن.
لەگەڵ ئەوەی سەدر دژایەتی خۆی بۆ ئەو لایەنانە راگەیاندووە، كە سەر بەحەشدی شەعبین‌و نزیكن لەئێران، بەڵام تائێستا چەند جارێك لەگەڵ سەركردەكانی ئەو لایەنانە، بەتایبەتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەمانی فەتح‌و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كۆبوونەوەی كردووە.
دواین كۆبوونەوەی سەدر لەگەڵ ئەو سەركردانە، رۆژی 15ی كانوونی دووەم بووە، كە داوای لێكردوون بەشێك لەلایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری ئەو حكومەتە بكەن، كە بڕیارە بە بەشداری چەند لایەنێك لەداهاتوو پێكبهێنرێت.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە هەمیشە موقتەدا سەدر خۆی وەك نیشتیمانپەروەرێك وێنا دەكات‌و بوونی ئێران و نفوزی ئەمریكا لەعێراق رەتدەكاتەوە، بەڵام ئەوەی لە راستیدا روودەدات پێچەوانەی ئەو وێنا كردنەیە.
لەهەڵبژاردنەكانی ئایاری ٢٠١٨، عێراقییەكان پێشبینی سەركەوتنە لەناكاوەكەی سەدریان دەكرد، كە تێیدا كوتلەكەی سەدر “سائرون” پێشڕەوی هەڵبژاردنەكانی دەكردو تاڕادەیەكیش هیوایان هەبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ دەنگی خەڵك بێت.
بەڵام شەقامی عێراقی هیچ سودێكی لەو كوتلە پەرلەمانییە نەبینی، كە هەڵوێستەكانی لەنێوان دڵسۆزی بۆ میلیشیاكانی ئێران‌و خۆپیشاندەرانی عێراق هەڵبەز و دابەزی دەكرد، تەنانەت تا ئێران قایل نەبووایە نەیدەتوانی بڕیاربدات ئەوەش كاری حكومەتی دوادەخست.
ئەو حیزبانەی سەدر بەگەندەڵ ناوی بردوون، پێشتر هاوپەیمانی لەگەڵیان هەبووە بۆ دیاریكردنی سەرۆكی حكومەت لەنێو ئەو هاوپەیمانانەشدا هاوپەیمانی فەتح بوونی هەیە، كە لەلایەن هادی عامری سەرۆكایەتی دەكرێت.
ئێستاش دووبارەی هەمان سیناریۆ بۆ زۆرێك لەچاودێرانی سیاسی عێراق ئەگەری بەهێزەو باس لەوە دەكەن، كە موقتەدا سەدر بەو دروشمانەی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرزیكردووەتەوە، تەنیا شەری "كۆنە قین" دەكات.
چاودێران باس لەوەش دەكەن، شەڕەكەی موقتەدا سەدر لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایەو دەیەوێت ئەو لایەنە لەپێكهێنانی حكومەت دووربخاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی چەند ساڵێكە لەنێوان مالیكی‌و سەدر بوونی هەیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color