گرنگ

میلیشیاکان رووی موشەکەکانیان دەکەنە هەولێر


 

 

بوارنیوز ناوەڕۆکی راپۆرتێکی هەوڵگری ئەمریکا لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

بوارنیوز، تایبەت
گروپە چەکدارییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، کە لەئێرانەوە نزیکن، رووی موشەکەکانیان کردووەتە هەرێمی کوردستان، بەوەش مەترسییان لەسەر ئارامی هەولێر دروست کردووە.
بەپێی ناوەڕۆکی راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لەسەر دۆخی عێراق‌و هەرێمی کوردستان، کە بەشێکی راپۆرتەکە تایبەت دەست بوار نیوز کەوتووە، ئەو گروپە چەکدارییانەی سەر بەئێران بە بیانووی نزیکی‌و پەیوەندی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەئەمریکاو تورکیا کار بۆ ئەوە دەکەن، هێرشی موشەکی بکەنە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەو گروپانە رازی نین لە بوونی هێزەکانی ئەمریکاو تورکیا لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان‌و بەمەترسییان دەزانن بۆ سەر خۆیان، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی هێرشە موشەکییەکانیان زیان بەو هێزانەو تەنانەت هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش بگەیەنن.
راپۆرتەکە پشتی بە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری بەستووەو باس لەوە دەکات، ئەو هێرشانەی بەم دواییانە کراونەتە سەر هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە، لە لایەن ئەو گروپانە ئەنجامدراوە، کە سەر بە حەشدی شەعبین‌و لە ئێرانەوە نزیکن.
سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن، ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن‌و بەدڵنیاییەوە لە ماوەکانی داهاتوو ئەو هێرشانەش زیاتر دەبن، بەتایبەتی ئەگەر گرژییەکانی بەغدا لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەردەوام بێت.
رۆژی حەوتی کانوونی دووەم، هەشت موشەکی کاتوێشا ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە نزیک شارۆچکەی پردی کرا، کە ئەو ناوچەیە 40 کیلۆمەتر لەناوەندی شاری کەرکوکەوە دوورەو دەکەوێتە سەر رێگای سەرەکی (کەرکوک – هەولێر).
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو هێرشانە لە هێرشی چەکداری رێکخراوی داعش ناچێت، بۆیە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، ئەو هێرشانە لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجامدراون.
لە پارێزگای کەرکوک‌و دەوروبەری ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەشدی شەعبی جێگیرکراون، ئەمەش مەترسییەکانی ئەو هێزانەی بۆ سەر ئارامی هەرێمی کوردستان زیاتر کردووەو ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانیان دەکرێت.
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، رەنگە لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانی ئەو گروپانە، جۆری هێرشەکانیش گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەتایبەتی ئەگەر هەیە هێرشەکان لەرێگەی فڕۆکەی بێ‌ فڕۆکەوانە ئەنجامبدرێت.
بە قسەی سەرچاوەکان، ئامانج لە گۆڕانکاری هێرشەکان بۆ ئەوەیە، کە میلیشیاکان دەیانەوێت پێکانی ئامانجەکانیان بگەیەننە ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی چەند ئامانجێک، کە دەکەوێتە ناو شاری هەلێری پایتەختەوە.
راپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، جگە لە ناڕازیایەتی هێزە چەکدارییەکانی سەر بەئێران لە عێراق لە بوونی پەیوەندی هەرێم لەگەڵ ئەمریکاو تورکیا، رێککەوتنی پارتی دیموکرات لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر بیانوویەکی ترە، بۆ ئەوەی ئەو گروپانە لە ماوەی داهاتوو هێرشەکانیان زیاتر بکەن.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو گروپە چەکدارییانە پێیانویە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی رۆڵی هەبووە لە زیادکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە شیعەکان، کە چەند مانگێکە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست بووە.
هەروەها ئەو گروپانە پێیانوایە، دەبێت سنوورێک بۆ ئەوە دابنرێت‌و تۆڵەش لە پارتی بکرێتەوە، بۆیە رێگەی تۆڵە کردنەوەکەشیان زیادکردنی هێرشەکانیانە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەتایبەتی هەولێری پایتەخت دەبێت.

رۆژی 9ی کانوونی دووەم پەرلەمانی عێراق کۆبووەوەو لەکۆبوونەوەکە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرا، کە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەو کۆبوونەوەیە ناڕازی بوون‌و کۆبوونەوەکەیان بایکۆت کرد.
زۆرینەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە حەشدی شەعبین، کە کێشەیان لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر هەیەو پێیانوایە ئەو لایەنە بە هەماهەنگی چەند لایەنێکی دەرەکی بەتایبەتی ئەمریکا، کار بۆ پەراوێزخستیان دەکات.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color