گرنگ

ئەندامێکى سەرکردایەتى کۆمەڵى دادگەرى: نە حکومەتى هەرێم خاوەنى دەستەڵاتى خۆیەتى و نە حکومەتى عێراقیش خاوەن بڕیارى خۆیەتى، بەڵکو ئێران حوکمى هەردولایان دەکات


 

بوارنیوز، تایبەت
ئەندامێکى سەرکردایەتى کۆمەڵى دادگەرى ئاماژە بەوە دەکات نە حکومەتى هەرێم خاوەنى دەستەڵاتى خۆیەتى و نە حکومەتى عێراقیش خاوەن بڕیارى خۆیەتى، بەڵکو ئێران حوکمى هەردولایان دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو ڕێککەوتنەى لە نێوان سەدرو بارزانى و حەلبوسى هاتووەتە ئاراوە پێش هەڵبژاردنەکان واژۆکراوە، دەشڵێت پارتى و یەکێتى لەبەرچاوچنۆکى زیاتر ناتوانن ڕێکبکەون.

عەبدولستار مەجید، ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى دادگەرى بە بوارنیوى ڕاگەیاند: تا ئێستا یەکێتى و پارتى هیچ بەرنامەیەکیان نەبووە کە پەیوەندى بە مافە دەستورى و یاساییەکانى گەلى کورد و بەرژەوەندییەکانى هاووڵاتیانەوە هەبێت، بەڵکو ئەو دوو لایەنە ئەگەر جار جار لێک نزیک بن ئەوا بەدڵنیاییەوە لە پێناو ئەو پلەو پۆست و ئیمتیازاتانەیە کە لە بەغدا دەستیان دەکەوێت، بەڵام جارى واش هەیە لەبەر چاوچنۆکى زیاتر ناتوانن لەنێوخۆیاندا ڕێکبکەون وەک ئەوەى ئێستا دەیبینین لەسەر پلەو پۆستەکان ناتوانن ڕێکبکەون.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوەى یەکێتى و پارتى بانگەشەى بۆدەکەن گوایە لە پێناو بەرژەوەندى باڵای کورد و بەرژەوەندى گشتى کاردەکەن دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە ئەوان بەهەردوکیانەوە بەتەنها ناتوانن گوزارشت لە هەموو خەڵکى کوردستان بکەن و بۆشیان نییە بەناوى کوردەوە لە بەغدا داواى پۆست بکەن، چونکە یەکێتى و پارتى پێکەوە تەنها لە %20ى دەنگى خەڵکى کوردستانیان بەدەستهێناوە و لە %80 ى خەڵک لەگەڵ ئەواندا نییە، بۆیە ناتوانن بەناوى گەلى کوردەوە قسە بکەن.

ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى کۆمەڵى دادگەرى ئەوەشى خستەڕوو، نە حکومەتى هەرێم کە یەکێتى و پارتى سەرۆکایەتى دەکەن خاوەنى دەستەڵاتى خۆیەتى نە حکومەتى عێراقیش خاوەن بڕیارى خۆیەتى بەڵکوو هەردولایان لەلایەن ئێران و وڵاتانى دیکەى دراوسێوە حوکم دەکرێن، هاوکات ئەو ڕێککەوتنەى لە نێوان بارزانى و حەلبوسى و سەدر هاتووەتە ئاراوە لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان پلانى بۆ داڕێژراوە و پێش هەڵبژاردنەکانیش واژۆى لەسەر کراوە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color