بوار نیوز، تایبه‌ت
به‌پێى زانیارییه‌کانى بوار نیوز، هادى عامرى، سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى فه‌تح له رێگه‌ى هاتنى بۆ هه‌ولێر چه‌ند په‌یامێکى روونى به بارزانییه‌کان داوه له باره‌ى پرسى پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق و ناکۆکییه‌کانى نێوان لایه‌نه شیعه‌کان.
به‌پێى زانیارییه‌کانى بوار نیوز، کۆبوونه‌وه‌ى رۆژى دووشه‌ممه، 17ى 1ى 2022 له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆکى پارتى و نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێم و مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌ت گه‌یاندنى په‌یامه بووه له باره‌ى پرسى ده‌ستوه‌ردانی پارتى له ناکۆکیەکانی نێوان لایه‌نه شیعه‌کان و بۆچوونى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى و حزبه‌که‌ى بووه له‌سه‌ر پرسى پێکهێنانى حکومه‌تى داهاتووى عێراق و ئه‌و رووداوانه‌ى له هه‌فته‌ى رابردوو روویاندا .
به‌پێى به‌دوادچوونه‌کانى بوار، په‌یامى هادى عامڕى بۆ پارتى و هه‌رێم به ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و دوورکه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و حزبه بوو له لایه‌نگرى و رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نێکى شیعى له‌سه‌ر حسابى چه‌ند لایه‌نێکى دیکه.
بوار زانیویه‌تى، له دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ى 9ى 1ى 2022ى په‌رله‌مانى عێراق فشار و په‌یامه‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و به‌شێک له هێزه شیعه‌کان و میلیشیا چه‌کداره‌کان به‌شێوه‌ى ناڕاسته‌وخۆ، یاخود له رێگه‌ى ناردنى په‌یام بۆ سه‌ر پارتى دیمه‌کراتى کوردستان زیادیکردووه.
هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌کان، له کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌گه‌ڵ پارتى باس له‌وه‌کراوه که ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن نیوه‌ى پۆسته وزارییه‌کان له نێوان چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى و ره‌وتى سه‌در نیوه به نیوه دابه‌ش بکرێت و ڤیتۆش له‌سه‌ر نورى مالکى، سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تى یاسا هه‌ڵبگیرێت.