گرنگ

تەقینەوەی بۆری نەوت زیانی ملیۆنان دۆلار لەهەرێمی كوردستان دەدات


 

 

بوارنیوز: تایبەت
به‌هۆی ته‌قینه‌وەی‌ ‌ بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، هەرناردەی نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی راگیراوەو بەو هۆیەشەوە زیانی ملیۆنان دۆلار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی بوارنیوز بۆ زیانەكانی تەقینەوەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان كردوویەتی، رۆژانە زیانی زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت‌و مانگانەش زیانەكەی لە 750 ملیۆن دۆلار زیاتر دەبێت.
هەر بەپێی بەدواداچوونەكان، ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی پێوانەیی برێنتی جیهانی لەبازاڕەكانی جیهان بە 90 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان بە كەمتر لەو نرخە نەوت دەفرۆشێت‌و جیاوازییەكەشی نزیكەی 20 دۆلارە.
بەم پێیە، رۆژانە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەنێوان 400 بۆ 425 هەزار بەرمیلدایە، بۆیە رۆژانە زیانی زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت، ئەگەر بێت‌و هەرێمی كوردستان یەك بەرمیل نەوت بە 60 دۆلاریش بفرۆشێت، مانگانەش زیانەكەی زیاتر دەبێت لە 750 ملیۆن دۆلار.
بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان شەوی هەژدە لەسەر نۆزدەی ئەم مانگە لەنزیك شارۆچكه‌ی پازارجک سه‌ر به‌پارێزگای مه‌ڕه‌ش لەباكووری كوردستان تەقیوەتەوەو بەو هۆیەشەوە رێگای نێوان هەردوو پارێزگای مه‌ڕه‌ش و عه‌نتاب به‌ڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
تائێستا هۆكاری تەقینەوەی بۆرییەكە نەزانراوە له‌ شارۆچكه‌ی پازارجک، كه‌ شه‌پۆلێكی به‌فربارین گرتوویه‌تییه‌وه‌و ئه‌و ئاگره‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا درووست بوو، رێگای سه‌ره‌كی نێوان مه‌ڕه‌ش-عه‌نتابی گرته‌وه‌.
دوای كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر تیمی ئاگركوژێنه‌وه‌ و ئامبوڵانس ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كران و هاوكات له‌ لێدوانێكدا پارێزگاری مه‌ڕه‌ش، عومه‌ر فاروق جۆشكون له‌باره‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ و مه‌ترسییه‌كانی رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوون نییه‌ و سوپاس بۆ خودا زیانی گیانی نییه.
ئەو پارێزگارە ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ تا ئێستا هۆكاری ته‌قینه‌وه‌كه‌ نه‌زانراوه‌.
هەروەها له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیشدا، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای بۆرییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت (بۆتاش)ه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ ده‌ورووبه‌ری كاتژمێر ١٩:٣٠ له‌ ٥١١هه‌مین كیلۆمه‌تری بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی هەرێم-توركیا ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌ هۆكارێك، كه‌ تا ئێستا نه‌زانراوه‌ روویداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ئاگر كه‌وتووه‌ته‌وه‌.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووه‌، تیمه‌كانی بۆتاش ده‌ستبه‌جێ رۆیشتنی نه‌وتیان وه‌ستاندووه‌ و له‌چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی ئاسایشی ته‌كنیكیدا، نزیكترین قفڵه‌كان له‌ ناوچه‌ی رووداوه‌كه‌ گیراونه‌ته‌وه‌.
هه‌وڵه‌كانی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر ئاگر كوژێنه‌وه‌ و تیمه‌كانی باری له‌ناكاوی بۆتاشه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و حكومەتی هەرێمیش تائێستا هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو تەقینەوەیەو زیانەكانی نەداوە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color