گرنگ

بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم: داهاتى مانگانەی خاڵە سنورییەکان لە نێوان 120 تا 130 ملیار دیناردایە


 
بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم:
داهاتى مانگانەی خاڵە سنورییەکان لە نێوان 120 تا 130 ملیار دیناردایە
بوارنیوز، تایبەت
بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم ئاماژە بەوە دەکات لە سەرەتاى ئەمساڵەوە بەهۆى ئەو شەپۆلە بەفربارینەى دەروازە سنورییەکانى گرتبوویەوە، بووە هۆى کەمبوونەوەى داهات بەڕێژەى لە %30 بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە ئاسایى بووەتەوە و داهاتى مانگانەش لە نێوان 120 تا 130 ملیار دیناردایە و لە %50ى ئەو داهاتەش تەنها بە ژمارە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتى عێراقى.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم بە بوانیوزى ڕاگەیاند: بەهۆى ئەو کەشو هەوایەى لە سەرەتاى ئەمساڵەوە هەرێمى کوردستانى گرتەوە بە تایبەت لە دەروازە سنورییەکان بووە هۆى ئەوەى داهاتى گومرگ زۆر کەمبکات، بەجۆرێک بە ڕێژەى لە%30 داهات کەمیکرد، بەڵام لە ئێستادا خەریکە دۆخەکە ئاسایى دەبێتەوە و هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە لە دەروازە سنورییەکان.
ساماڵ عەبدوڵڕەحمان، ئاماژەى بەوەشکرد، هەرچەندە داهاتى گومرگ ناجیگیرەو لە مانگێکەوە بۆ مانگێکى دیکە گۆڕانکارى بەسەردا دێت، بەڵام بەگشتى داهاتى مانگانە لە نێوان 120 بۆ 130 ملیاردایە.
بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم ئەوەشى خستەڕوو، بەگوێرەى یاسا و ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا دەبێت لە %50ى داهاتەکانى هەرێم بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام تائێستا ئەمە بە کردارى جێبەجێنەکراوە، بەڵکوو تەنها بە ژمارە لە %50ى داهاتەکان دەخرێتەوە سەر حسابى حکومەتى عێراق و دواتر لە بودجەى گشتى عێراق ئەو ژمارانە حسابیان بۆ دەکرێت. مانگانەش ئێمە ئەو داهاتەمان گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتى عێراقى، بەڵام بە تەنها بە ژمارە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color