گرنگ

"بەهۆى مانەوەى هەشت بۆمبى نەتەقیوى کاتى کیمیابارانەکە، هەڵەبجە لە چاوەڕوانى کارەساتێکى دیکەدایە


 

"بەهۆى مانەوەى هەشت بۆمبى نەتەقیوى کاتى کیمیابارانەکە، هەڵەبجە لە چاوەڕوانى کارەساتێکى دیکەدایە"

بوارنیوز، تایبەت
سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەکات لە ئێستادا هەشت بۆمبى نەتەقیو لە چەند شوێنێکى جیاوازى هەڵەبجە ماونەتەوە، مێژووەکەیان بۆ 34 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە بوار نیوزى ڕاگەیاند: دواى تێپەڕبوونى 34 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجە تائێستاش هەشت بۆمب دۆزراونەتەوە کە نەتەقیونەتەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانیشمان لەو بابەتە ئاگادارکردووەتەوە کە بوونى ئەو بۆمبە نەتەقیوانە مەترسین لەسەر هاووڵاتیانى هەڵەبجە و دەوروبەرى.

ئاماژەى بەوەشکرد، مەترسی ئەوە هەیە کە ئەو بۆمبانە بۆمبى کیمیایى بن، چونکە ئەو کەسانەى لە کاتى کیمیابارانى هەڵەبجە وەک شایەتحاڵى بینینى ئەو بۆمبانە، پێیان ڕاگەیاندوین ژمارەیەک لەو بۆمبانە بە دڵنیاییەوە کیمیایین، بۆیە مەترسى مانەوەى ئەو بۆمبانە ئەوەیە بە تێپەڕینی کات کارلێک لەگەڵ زەوى دەکەن.

سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە ئەوەشى خستەڕوو، بەداخەوە سەرەڕاى ئەوەى ماوەیەکى زۆر بەسەر تێپەڕبوونى کیمیابارانى هەڵەبجە تێپەڕیوە، چەندین جاریش لایەنى پەیوەندیدارمان لەو مەترسیانە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تائێستا ئەو بابەتە بەجددى وەرنەگیراوە بۆیە بەهۆى مانەوەى ئەو بۆمبە نەتەقیوانە، هەڵەبجە لە چاوەڕوانى کارەساتێکى دیکەدایە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color