گرنگ

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەخیلەكەی عێراق دەبوژێنێتەوە


 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەخیلەكەی عێراق دەبوژێنێتەوە
بوارنیوز، بەغدا
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، بووەتە هۆی بووژاندنەوەی دەخیلەكەی عێراق، كە ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە داناوە.
بەپێی ئامارەكان، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەم چەند مانگەی رابردوو، بووەتە هۆی زیادبوونی 20 ملیار دۆلار بۆ سەر بودجەی خەمڵێنراوی گشتی بۆ ساڵی 2022، بەوەش بەغدا دەتوانێت ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە، كە لە بودجەی گشتیدا بۆ ساڵی رابردوو هەیبوو.
بەپێی چاودێرانی ئابووریش، جگە لەو سوودانە، ئابووری عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەتەواوی دەبووژێتەوەو چاوەڕێی پێشكەوتنێكی باشی لێدەكرێت‌و بەوەش رێژەی هەژاری‌و بەتاڵی لەسەر ئاستی وڵات كەمدەبێتەوە.
دواین ئاماری هەناردەی نەوتی عێراق تایبەتە بە مانگی شوباتی ئەمساڵ، كە 92 ملیۆن‌و 790 هەزار 173 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، داهاتی ئەو نەوتە هەناردە كراوەش 8.54 ملیار دۆلار بووە، كە بەرمیلی نەوت لەو مانگەدا بە 92.083 دۆلار فرۆشراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، بە درێژایی مانگی ئاداریش، نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایەو لەو مانگەدا بە تێكرا نرخی نەوت لەسەرووی سەد دۆلار بووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی شەڕی روسیاو ئۆكرانیاو كاریگەرییەكانی ئەو شەڕە بەسەر بازاڕەكانی جیهان، بەتایبەتی بازاڕی وزە.
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، كە ناوەندی فرۆشتنی نەوتی عێراق بۆ ساڵی 2022 بۆ هەر بەرمیلێك سەد دۆلار دەبێت، لەكاتێكدا ئەو ناوەندە بۆ ساڵی 2021، 70 دۆلار بووە، كە ئەمەش كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ، كە تائێستا لەلایەن حكومەت‌و پەرلەمانەوە پەسەند نەكراوە.
لەو بارەوە راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد ساڵح دەڵێت: پێشبینی زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2022 دەكەین بەرێژەی 20 ملیار دۆلار، كە ئەوەش هۆكارێكە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی گشتی.
محەمەد ساڵح دەشڵێت: جگە لە پڕكردنەوەی كورتهێنان، ئەو رێژە زیادبوونە لەداهاتی نەوت دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی قەرزەكانی سەر عێراق بەرێژەی 15%، بەتایبەتی ئەو قەرزانەی لەساڵی 2021 كران، كە رێژەی 29 ترلیۆن دیناری عێراقی بووە.
ئەو راوێژكارە باسی لەوەش كردووە، ئەگەر ئەمساڵیش، كە تائێستا بودجەی گشتی پەسەند نەكراوە، لەسەر بودجەی ساڵی رابردوو بڕۆین، ئەوە زیادەی 20 ملیارەكە دەبێتە هۆی بووژانەی كەرتی ئابووری لە وڵات‌و دەشبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەژاری‌و بەتاڵی.
بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 ، گەیشتە 101.3 تریلیۆن دینار (69.5 ملیار دۆلار)، كە لەو رێژەیە، 81.17 تریلیۆن دینار (55.6 ملیار دۆلار) لەداهاتی نەوت بوو، بۆ ئەو ساڵەش نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 45 دۆلار حسابكرابوو.
شارەزای ئابووری باسم ئەنتوان لەو بارەوە دەڵێت: ئەمساڵ بۆ عێراق لەڕووی داراییەوە زۆر باش دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر نرخی نەوت بە بەرزی بمێنێتەوە، كە ئەوەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی كەرتە جیاوازەكان، بەتایبەتی كەرتی پیشەسازی‌و كشتوكاڵی.
ئەو راوێژكارە ئابوورییە دەشڵێت: دەتوانرێت لە زیادبوونی داهاتی نەوت 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون‌و 500 قوتابخانەو خزمەتگوزارییەكان، بەتایبەتی خزمەتگوزاری تەندروستی بەرزبكرێتەوە، ئەمە جگە لەزیادكردنی وەبەرهێنانی كارەبا بەرێژەی 1500 میگاوات.
ئەنتوان باسی لەوەش كردووە، هەر لەرێگەی زیادبوونی داهات، دەتوانرێت چەندین كارگەی بچووك‌و گەورە دروست بكرێت، كە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت 100 هەزار هەلی كار برەخسێنرێت، بەوەش رێژەی هەژاری‌و بەتاڵی بەتەواوی كەمدەبێتەوە.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی بەتاڵی لە عێراق گەیشتووەتە 13.8%، كە رێژەی بەتاڵی لە بەغدای پایتەختی عێراق 9.3%، لە پارێزگای ئەنباریش بەرزترین رێژەی بەتاڵی هەیە، كە رێژەی 32.4%و لە پێش ئەویش پارێزگای دهۆكە كە رێژەی 26.4%..
ئەو راوێژكارە ئابوورییە جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە پێویستە خوێندنەوەی لێكۆڵینەوەی ورد لە زیادكردنی هەلی كارو بووژانەی كەرتە جیاوازەكان بكرێت، بۆ ئەوەی لەرێگەی زیادبوونی داهاتی گشتی، ئابووری عێراق بگەیەنرێتە لوتكە.
ئامارەكان باس لەوە دەكەن، كە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2022، گەورەترین بودجە دەبێت لەمێژووی ئەو وڵاتە، كە بڕكەی دەگاتە 130 ملیار دۆلار، كە ئەوەش بەرانبەرە بە 190 تریلیۆن دیناری عێراقی.
مستەفا حەنتور شارەزای ئابووری عێراق دەڵێت: پێشبینی زیادبوونی داهاتی عێراق بە رێژەی 30 ترلیۆن دیناری عێراقی دەكەم، كە ئەمە كاریگەری گەرەی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت،
ئەو شارەزایە ئابوورییە باسی لەوەش كردووە، كە دەكرێت ئەمساڵ بكرێتە دەرفەتێك، بۆ ئەوەی كەرتەكانی تریش لەعێراق بەتایبەتی كەرتی كوشتوكاڵی ببوژێنرێتەوە، بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهات لەعێراق فرە چەشن بكرێت‌و چیتر تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color