گرنگ

مەلا یاسین، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران: ئەگەر هەموو سەرمایەدارانی كوردستان زەكات بدەن، هەر ماڵێكی هەژار 90 هەزار دۆلاری بەردەكەوێت


 

مەلا یاسین، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران:

ئەگەر هەموو سەرمایەدارانی كوردستان زەكات بدەن، هەر ماڵێكی هەژار 90 هەزار دۆلاری بەردەكەوێت

بوارنیوز، سلێمانی
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، ئەگەر بە یەكسانی زەكات دابەشبكرێت ئەوا هەر ماڵێكی هەژار بڕی 90 هەزار دۆلار زەكاتی بەردەكەوێت.

مەلایاسین، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: ئەو بڕە پارەیەی كە لای هاووڵاتیانەو نەیانخستووەتە وەبەرهێنانەوە بریتییە لە 30 ملیار دۆلار، لەلایەكی دیكەشەوە سەرمایەدارەكانی هەرێم زیاد لە 30 ملیار دۆلاریان هەیە، ئەگەر بەگوێرەی بنەما ئاینی ئیسلام زەكات بدرێت ئەوا هەر ماڵێكی هەژار لە هەرێمی كوردستان بڕی 90 هەزار دۆلار زەكاتی بەردەكەوێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، تەنها پارەی زەكات لە هەرێمی كوردستان نزیك دەبێتەوە لە 750 ملیۆن دۆلار، بەڵام بەداخەوە ساڵانە لەهەرێمی كوردستان تەنها نزیكەی 15 تا 20 ملیۆن دۆلار زەكات دابەشدەكرێت، ئەو ڕێژەیەش هێندە كەمە گوناهە ناوبندرێت زەكات، بۆیە بابەتی پێدانی زەكات لەهەرێمی كوردستان كاڵ بووەتەوە.
مەلا یاسین پێشنیار دەكات كە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و یەكێتی زانایانی ئاینی و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵی جددی بدەن بۆ دروستكردنی سندوقیكی تایبەت بەزەكات یاخود دەزگایەكی تایبەت هەبێت بەسەرپەرشتیكردن و كۆكردنەوە و دابەشكردنی زەكات بەسەر هەژاراندا.

بە پێی قسەی وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران، شوێنی واهەیە 200هەزار دۆلار زەكاتی بۆ دەڕوات گوایە ئەمە تەلەفزیۆنێكی ئیسلامییە یان ئەمە ڕێكخراوێكی ئیسلامییە، بەڵام هەزار خێزانی هەژاریش هەن هیچ بڕە زەكاتێكیان بەدەست ناگات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color