گرنگ

شێخ باز، هەوڵی نزیکبوونەوە دەدات لە ئێران


 
شێخ باز، هەوڵی نزیکبوونەوە دەدات لە ئێران
کارگروپ، دڵنیایی بەئێران دەدات کە کارەکانی ئەوان پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە نییە
بوار نیوز، تایبەت
لەناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ، کۆماری ئیسلامی ئێران، لەڕێگەی نۆ موشەکەوە ماڵی شێخ باز شێخ ڕەئوفیان موشەکبارانکردو ڕایانگەیاند ”بنکەیەکی ئیسڕائیلییان لەهەولێر کردووەتە ئامانج و توانیویان چەند ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل لەناو ببەن”.
لەبەرامبەردا، حکومەتی هەرێم ڕەتیکردەوە هیچ بنکەیەکی ئیسڕائیلی لەهەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئێران ماڵی هاوڵاتییەکی کوردیان موشەکبارانکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بوار نیوز کەوتووە، شێخ باز، خاوەنی کارگروپ لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەڕێگەی هەوڵی تاکە کەسییەوە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کردووەو ڕونکردنەوەی پێداون کە ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسڕائیلەوە نییەو پێی وایە لەم دۆسیەیەدا ناوبراو بووەتە قوربانی.
شێخ باز ئەوەشی بە بەرپرسانی ئێرانی ووتوە، بەهۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئاستێکی باڵا ماڵەکەی ئەویان وەک بنکەیەکی ئیسڕائیلی ناساندووە، بۆیە پڕۆژەکانی ناوبراو لەهەولێرو تەواوی عێڕاق بەئامانج دەگیرێن.
شێخ باز، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک کە ببێتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دڵنیا بێت لەوەی کارە بازرگانییەکانی و ماڵەکەی ئەو هیچ پەیوەندییەکییان بە ئێسڕائیلەوە نییە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، چەند کەسایەتییەکی هەرێمی کوردستان، کە پەیوەندی توندو تۆڵیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەیە، ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەن جگە لەو هەوڵە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ چەند بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و شێخ باز شێخ ڕەئوف ڕێکبخەن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color