گرنگ

قونسوڵخانەی ڕوسیا لە هەولێر، هۆشداری توند بەهەرێم دەدات

2022-05-12

 
قونسوڵخانەی ڕوسیا لە هەولێر، هۆشداری توند بەهەرێم دەدات
کار گروپ، چۆن ڕوس نەفت لەدۆسیەی نەوتی هەڕێم دوور دەخاتەوە؟
بوار نیوز، تایبەت
کار گروپ، هەوڵی دوور خستنەوەی کۆمپانیای ڕوس نەفتی ڕوسی دەدەدات لە دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم، ئەمەش نیگەرانی ڕوسیای لێکەوتۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، گروپی کۆمپانیاکانی کار بەهاوکاری حکومەتی هەرێم دەیەوێت کۆمپانیای ڕوس نەفتی ڕووسی لەدۆسیەی نەوتی هەرێم دوور بخاتەوە. ئەمەش نیگەرانی بەرپرسانی باڵای ڕوسیای لێکەوتۆتەوەو چەند جارێک هۆشدارییان بەبەپرسانی حکومەتی هەرێم داوە.
بەپێی گرێبەستێکی نێوان حکومەتی هەرێم و روس نەفت، ئەو کۆمپانیا ڕوسییە خاوەندارێتی سەدا ٦٠ی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و واش بڕیار بوو ئەو کۆمپانیایە، بۆڕی غازی هەرێمیش دروست بکات، بەڵام حکومەتی هەرێم بەبیانووی ئەوەی ئەو کۆمپانیایە لەئێستادا ناتوانێت ئەو کارە بکات، ڕاکێشانی بۆڕی غازی سروشتی هەرێمی لەو کۆمپانیایە وەرگرتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، بەبیانووی بوونی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیا ڕوسییەکان، حکومەتی هەرێم لەڕێگەی کار گروپەوە سەرقاڵی دوور خستنەوەی کۆمپانیای ڕوس نەفتی ڕوسییە لە دۆسیەی نەوتی هەرێم.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و کارگروپ، پەیوەندی بە پێشنیارێکی قونسوڵخانەی ئەمریکاوە هەیە کەپێیان وایە دەبێت کۆمپانیا ڕوسییەکان لە دۆسیەی وزەی هەرێم دوور بخرێنەوە.
لەئێستاشدا بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیا ڕوسییەکان، ڕوس نەفت، لەقەیراندایەو بەهۆی نەبوونی دۆلارەوە نەیتوانیوە موچەی بەشێکی کارمەندەکانی بدات.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، کار گروپ قەیرانەکانی ڕوس نەفت بەدەرفەت دەزانێت کە بتوانێت پشکەکانی ڕوس نەفت لە بۆڕی نەوتی کوردستان بکڕێتەوەو بەشێوەیەکی یەکجاری ئەو کۆمپانیا ڕوسییە لە دۆسیەی نەوتی هەرێم دوور بخاتەوە.
لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی کارگروپ، قونسوڵخانەی ڕوسیا لەهەولێر، هۆشداری توندییان داوە بەبەرپرسانی هەرێم و کارگروپ.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، کێشەکانی نێوان کارگروپ و ڕوس نەفت ماوەی چەند مانگێکە دەستییان پێکردووەو بەپرسانی حکومەتی هەرێم و کارگروپ، گومانیان هەیە، موشەکبارانکردنی ماڵەکەی شێخ باز لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەفەرمانی بەرپرسانی ڕوسی بوو بێت، بۆ ڕاگرتنی ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێم و کارگروپ بۆ دوورخستنەوەی ڕوس نەفت لە دۆسیەی نەوتی هەرێم.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color