گرنگ

هاوپەیمانی سێ‌ قۆڵی: ساڵێک دەسەڵاتی مستەفا کازمی درێژ دەکەینەوە


 
هاوپەیمانی سێ‌ قۆڵی: ساڵێک دەسەڵاتی مستەفا کازمی درێژ دەکەینەوە
لە پانزە رۆژی داهاتوو هەوڵێکی تری کۆبونەوەی پەرلەمان دەدرێت
بوارنیوز، هەولێر
هاوپەیمانی سێ‌ قۆڵی، كە لە رەوتی سەدر، پارتی دیموكرات‌و سووننەكانی عێراق پێكهاتوون، كار بۆ درێژكردنەوەی وادەی دەسەڵاتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بە بوارنیوز، لە كۆبوونەوەی رۆژی دوو شەممە 9ی ئایاری هاوپەیمانی سێ‌ قۆڵی، كە لەشاری هەولێر بەرێوەچوو، دوو بژاردە تاوتوێكراوە.
بژاردەی یەكەم ئەوەیە، لەماوەی 15 رۆژی داهاتوودا، هەوڵی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی تری پەرلەمانی عێراق بدەن‌و كار بۆ ئەوە بكەن رێژەی یاسایی بۆ كۆبوونەوەكە كۆبكەنەوەو سەرۆك كۆماری نوێ‌ هەڵبژێرن، ئەوەش بە گفتوگۆو رێككەوتن لەگەڵ پەرلەمانتارە سەربەخۆكان‌و چەند لایەنێكی تر.
ئەگەر ئەو هەوڵە سەریگرت، ئەوە راستەوخۆ لەرێگەی سەرۆك كۆمارەوە كاندیدێكی هاوبەش لەنێوان هاوپەیمانییەكەو پەرلەمانتارە سەربەخۆكان دیاری بكەن‌و رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بژاردەی دووەم ئەوە بووە، ئەگەر بژاردەی یەكەم سەرینەگرت، راستەوخۆ بە دەنگی پەنجا كۆ یەك دەسەڵاتی مستەفا كازمی بۆ ساڵێك درێژبكەنەوەو گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی وەزاری بكەن‌و دواتر هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق ئەنجامبدەن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color